هۆشداری دەربارەی خراپتربوونی دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی دەدرێت

فۆتۆ/ سەرتیپ عوسمان

وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، گیان لەدەستدانی 12 توشبووی كۆرۆنا لە 24 كاتژمێردا لە سلێمانی “زەنگێكی مەترسیدارە”.

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتییی تەندروستییی سلێمانی ڕایگەیاند، گیان لەدەستدانی 12 توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا و 40 تووشبوو لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە سلێمانی “زەنگێکی مەترسیدارە!!”.

یاد نەقشبەندی دەشڵێت، “ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئەرکی سەرشانی کەرتی تەندروستی نییە لە شارەکە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەکە بە زووترین کات کاری جدی بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە”.

پێشتر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پاش درك كردنمان بە زیادبوونی ژمارەی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی، لیژنەیەكمان دروستكردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “لەڕێی لیژنەكەوە مەبەستمانە بزانین ئەگەر گرفتەكە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە وەك كەرتی تەندروستی كێشەكە چارەسەربكەین، ئەگەریش پەیوەندی بە خودی نەخۆشەوە هەبێت ڕێنماییان بكەین تا ڕێكاری پێویست بگرنەبەر”.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 829 تووشبووی نوێ بە كۆرۆنا تۆماركراون (337 تووشبوو لە هەولێر، 84 لە سلێمانی، 29 لە گەرمیان، 352 لە دهۆك و 27 كەسیش لە هەڵەبجە).

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، لە شەووڕۆژێكدا 382 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، 118 كەسیان لە هەولێر، 27 لە سلێمانی، 24 لە گەرمیان و 182 لە دهۆك و 31 تووشبووش لە هەڵەبجە چاكبوونەتەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 كاتژمێردا لە هەولێر حەوت كەس و لە سلێمانی هەشت كەس و لە دهۆك شەش كەسی تووشبوو بە كۆرۆنا مردوون.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی جیهانی: هیچ کەسێک بەتەواوی پارێزراو نابێت تاوەکو هەمووان هەلی وەرگرتنی ڤاکسینیان نەبێت

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت لە گرنگیی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە لەگەڵ…
زیاتر ببینە

تەندروستیی عێراق هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی دیکەی کوشندە دەدات

وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی “تای خوێنبەربوون”، کە نەخۆشییەکی کوشندەیە و 60%ی توشبووانی گیانلەدەستدەدەن،…
Total
0
Share