وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە لەبارەی، بە هەرزان فرۆشتنی نەوتی هەرێم و ڕوونكردنەوەی لەوبارەیەوە داوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمشەو 18ی كانونی دووەم ڕایگەیاندووە، “وەزیری نەوتی عێراق ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەیەک سەبارەت بەو بابەتانە بدەین”.
سامانە سروشتییەكانی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، “وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوەکردووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە 10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت، بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتە و سروشتیی ئاڵۆزیی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “سەبارەت بە نرخەکەشی بەداخەوە بەهۆی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەکرێت، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان”.
“لە چاوپێکەوتنەکەدا وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەکات دۆسییەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بەشێوەیەکی (مەرکەزی) بەڕێوە ببرێت، لەکاتێکدا بەپێی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و مەرکەزیی نییە، بەپێی دەستووریش، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە، بۆیە داوای ڕادەستکردنی دۆسییەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نادەستوورییە”، وەك وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكردووە.
باسیلەوەشكردووە، “لە هەمانکاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن، هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بەپێی دەستوور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا بێت”.
ڕاشیگەیاندووە، “سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپیک، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە کاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەپێی ڕێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67% ، دەبوایە هەرێم زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل بەرهەمبهێنێت لە کۆی 5 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا 450 هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت”.
دەشڵێت، “بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات، سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، 30 هەزار بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردووەتەوە”.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەشكردووە، “وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک سەر بە بەغدادن، لە کاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکوک بەپێی دەستوور، ناوچەیەکی کێشە لەسەرە و پێویستە بەپێی مادەی 140 خاوەنداریەتی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت، “.