بەرپرسانی تەندروستیی گشتی لە ئەفریقا هۆشداری دەدەن بەهۆی نەخۆشییەكی نادیاری هاوشێوەی ئەنفلۆنزا كە بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی دەیان كەس لە چەند هەفتەی رابردوودا.
جان كاسیا، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ئەفریقی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان و خۆپارێزی رایگەیاند، بڕیارە لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا زانیاریی زیاتریان سەبارەت بە نەخۆشییەكە دەستبكەوێت، لەگەڵ گەیشتنی ئەنجامی نمونەی تاقیگەیی تووشبووان بە شارەزایان.
كاسیا وتیشی، “پشكنینە سەرەتاییەكان دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی نەخۆشییەكی پەیوەست بە هەناسەدانە، بەڵام پێویستمان بە چاوەڕوانیكردنی ئەنجامی پشكنینی تاقیگەیە”. باسی لەوەشكرد، چەندین شت هەیە كە سەبارەت بە نەخۆشییەكە نایزانین، لەوانەش ئایا دەگوازرێتەوە و چۆن دەگوازرێتەوە؟
رۆجەر كامبا، وەزیری تەندروستی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی كۆنگۆ دووپاتیانكردووەتەوە كە تائێستا 72 كەس گیانیان لەدەستداوە، لەوانە 27یان لە نەخۆشخانەكان گیانیان لەدەستداوە، 44یش لە ناوچەی بانزیی هەرێمی كوانگۆ كە دەكەوێتە باشووری كۆنگۆ.
رووداوەكانی گیانلەدەستدان لە ماوەی نیوان 10 تا 25ی تشرینی دووەم تۆماركراون.
وەزیری تەندروستی باسی لەوەكرد، ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون گەیشتووەتە 380، نزیكەی نیوەیان منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانن.
دەسەڵاتداران دەڵێن نیشانەکانی نەخۆشییەكە (تا، سەرئێشە، کۆکە و کەمخوێنی) لەخۆدەگرێت.