دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا داوای لە لایەنگرانی کرد لە ویلایەتی وێسکۆنسن، دەنگی پێبدەن لەبەرامبەر رکابەرەکەی کە کاملا هێرسی کاندیدی دیموکراتەکانە.
ترەمپ لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەو ویلایەتە رایگەیاند، “دەبێت رۆژی سێشەممە بە هێرس بڵێین بەسە”.
وتیشی، “لەچەند ویلایەتێک من پێشەنگم، بەڵام هێشتا بەوەش رازی نیم، چارەنووسی وڵاتەکەمان بەدەست ئێوەیە و دەبێت دەنگم پێبدەن”.
ئەوە لەکاتێکدایە، کاملا هێرس، لە وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا لە هەمان ویلایەت رایگەیاند، ترەمپ بیر لە باشکردنی ژیانی ئەمریکییەکان ناکاتەوە.
هێرس رکابەرەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بە “ناهاوسەنگ” وەسفکرد.
باسی لەوەشکرد، باج لەسەر ئەمریکییەکان کەمدەکەینەوە، رێگە بە دەستکاریکردنی نرخ نادەین، بەڵێنتان پێدەدەم بەدوای خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەری لۆژیکیدا بگەڕێین بۆ ئەو ئاستەنگییانەی رووبەڕوومان دەبنەوە.
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2024 پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، کە دوو کاندید کاملا هێرسی دیموکرات و دۆناڵد ترەمپی کۆماری رکابەری بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکەن.