لە فڕۆکەخانەکان رێوشوێن دژی ئاوڵەی مەیمون دەگیرێتەبەر

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی ئەوەی هیچ حاڵەتێکی ئاوڵەی مەیمون تۆمارنەکراوە لەناوخۆی عێراقدا، ئاماژەی بەوەکرد لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان ریوشوێن دەگرنەبەر.

ریاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، رێوشوێنی خۆپارێزیمان بۆ سەرجەم پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکان و کارمەندانی تەندروستی بڵاوکردووەتەوە، ئامادەکاری پێویست کراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیم لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان جێگیرکراون بۆ جیاکردنەوەی هەر حاڵەتێک کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی هەبێت، لە ئەگەری دەستنیشانکردنی هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو، کارمەندانی تەندروستی جیایدەکەنەوە، پشکنینەکانی بۆدەکەن.

وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەکات لەسەر هەموو پێشهاتەکان، هەروەها دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستی توانای دەستنیشانکردن و مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو جۆرە حاڵەتانەدا هەیە”.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، “وەزارەتی تەندروستیی عێراق شوێنكەوتەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەبێت لەبارەی پێشهات و سەرجەم كاروبارەكانی پەیوەست بە نەخۆشییەكە”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر رێكخراوە جیهانییەكە رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیمون لە ئەفریقا گەیشتووتە “باری لەناكاوی جیهانی”، كە بەرزترین ئاستە لەلایەن رێكخراوی تەندروستییەوە رابگەیەندرێت.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ بەرزترین نرخی زێڕ تۆمارکرا

بابەتی دواتر

چامپیۆنزلیگی ئاسیا کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەهێنێتە عێراق؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share