پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانێتییەكەی سەدر و بارزانی لەقدەكات

تویتەکەی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بەتاواندانانی، پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەندامێکی هاوپەیمانیی سێ قۆڵییە لەگەڵ موقتەدا سەدر، دەخاتە بەردەم دوو بژاردەوە، یان پچڕاندنی پەیوەندییەکان و مامەڵە نەوتییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل یان کشانەوە لە هاوپەیمانییەکە.

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، فراکسیۆنەکەی و هاوپەیمانەکانی پرۆژەیەک ئامادەدەکەن بۆ بەتاواندانانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بەمەبەستی دەنگدان لەسەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی میدیا عێراقییەکان، ئەو بڕیارەی سەدر بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەیە کە دەدرێتەپاڵی سەبارەت بە پشتگوێخستنی پەیوەندی و مامەڵەکانی نێوان پارتی و ئیسرائیل.

شیکردنەوەی میدیا عێراقییەکان، بەدووری دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی ببێت بە پچڕاندنی پەیوەندییەکان و ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خواستەکەی سەدر، ئەمەش هاوپەیمانییەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی هەڵوەشانەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەڵگەکان باس لە ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل بە نرخێکی کەم دەکەن.

لەوبارەیەوە مەحمود یاسین کوردی بۆ میدیای عێراقی قسەی کردووە و دەڵێت، موقتەدا سەدر هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنێک کردووە کە نەوت بەنرخێکی کەم هەناردەی ئیسرائیل دەکات، لەهەمانکاتدا داوای پرۆژەیەک دەکات بۆ بەتاواندانانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل!

عیماد مسافر چاودێری کاروباری عێراق ڕایگەیاندووە، موقتەدا سەدر هەرێمی کوردستانی خستووەتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە، بەتایبەت ئەگەر پرۆژەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازبکرێت بۆ بەتاواندانانی مامەڵە و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەمەبەستی دەنگدان لەسەری، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان پەیوەندیی سیاسی و بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پرۆژەکەش بەتاواندانان و قەدەغەکردنی سەرجەم پەیوەندی و مامەڵەکان بێت لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر هەموو ئاستەکان.

لەوبارەیەوە سەلاح عەرباوی سەرۆکی بزوتنەوەی هۆشیاریی عێراقی، بەدرووری دەزانێت هاوپەیمانیی سێ قۆڵی هەڵوەشێتەوە، بەپێی ئەوەی بارزانی بە مەرجێک ڕازی بووە بەو هەنگاوەی سەدر کە پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام بێت.

عەرباوی دەڵێت، ئەو هەنگاوەی سەدر دەکرێت ببێتە سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی “کە ئەوە ئەگەرێکی دوورە”، یان پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەکاتی دەنگداندا لەبەرژەوەندیی پرۆژەکەی سەدر دەنگبدات بەومەرجەی پەیوەندییەکانی حزبەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامبێت “ئەمەیان ئەگەرێکی بەهێزە”.

بابەتی پێشتر

لە بارەی نەخۆشییەکی سەیر و نوێوەیە.. تەندروستیی جیهانی ئامار بڵاودەکاتەوە

بابەتی دواتر

فوئاد حوسێن لەسەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم لە پەرلەمانە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە و پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراک تاوتوێ بكات. فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی…
Total
0
Share