چیرۆکی گوڵی لالەی هۆڵەندی.. بتکۆین هەمان چارەنووسی دەبێت؟

لە ساڵی 1636 کۆمەڵگەی هۆڵەندی توشی شێتیی گوڵی لالە بوون، كە بریتی بوو لە کڕینی ئەو جۆرە گوڵە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی بە شێوەیەک کە خەڵك موڵک و سامانەکەیان سەرجەم دەدا بۆ ئەوەی یەک گوڵی لالە بکڕن، تا وایلێهات گوڵی لالە لە سەدەی 17دا لە هۆڵەندا وەک دراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا.

بتکۆین ئەو دراوە گریمانەییەی کە جیهان ئێستا پێوەی سەرقاڵە و نرخەکەی بە جۆرێک بەرزبووەتەوە یەک بتکۆین لە ئێستادا بەرانبەرە بە 34 هەزار دۆلار و سەدان کەسی لە جیهاندا کردووە بە ملیۆنێر.

مێژووی گوڵی لالەی هۆڵەندی

لە ساڵانی 1600ـەکاندا، داهاتی ساڵانەی تاك لە هۆڵەندا لەنێوان 100 بۆ 200 فلۆرینی (دراوی ئەوکاتی هۆڵەندا) بوو، هۆڵەندییەکان بە هەژار و دەوڵەمەندیانەوە لە سەرەتای ساڵانی 1600ـەکاندا سەرقاڵی ئەوە بوون پێنج هەزار فلۆرینی یان خانوویەك لە ناوەڕاستی ئەمستردام بدەن بە یەک گوڵی لالە.

ڕەچەڵەكی ئەو گوڵە هۆڵەندا نییە. یەکەمجار لە تورکیای سەردەمی عوسمانییەکانەوە دەچێتە هۆڵەندا، زانایەکی رووەکناس بە ناوی “کارلوس کولسیوس” لە زانکۆی لایدن لە 1590 خاوەنی کێڵگەیەکی رووەکیی تایبەت بەخۆی بووە، ئەو یەکەم کەس بووە کە گوڵی لالەی چاندووە، چەندین جوانکاری و چاککاری لە ڕەنگ و جۆری گوڵەکەدا دروستکردووە. هێدی هێدی، هەبوونی گوڵی لالە بوو بە ئارەزوویەکی شێتانە. زاناکان دەستیانکرد بە کێبڕكێ لە جوانکاری و چاککاری گوڵەکەدا، دواتر بازرگانەکان هاتنە مەیدانەکە، خواست نەک لەسەر گوڵی لالە بەڵکو لەسەر تۆوەکەشی دروستبوو. بە تیپەڕبوونی کات، گوڵی لالە بوو بە هەبوویەکی سەوداگەرانە و لە کۆتاییەکانی پێش هەرەسکردنیشیدا (1633) بە جۆرێک لە جۆرەکان رۆڵی دراوی دەگێڕا لەنێو خەڵکدا.

لەو بارەیەوە گۆڵدگاری مێژوونووسی گەورەی بەریتانی دەڵێت، “بوونی گوڵی لالەی هۆڵەندی لەو کاتەدا بۆ هۆڵەندییەکان شانازی، شكۆ و سامان بووە، لەکاتێکدا لەلایەن بازرگان و بەشێک لەوانەی دەیانویست قۆرخکاری تیادا بکەن، قۆستنەوەی ئەو هەلە بووە بۆ دەستخستنی دراو”.

گۆڵدگار لە کتێبەکەیدا دەڵێت، “ڕۆژێک ماسیگرێک لەگەڵ یەکێک لە بازرگانانی گوڵی لالە دادەنیشێت و ماسیگرەکە بە تامەزرۆییەوە دەڵێت، ‘خۆمت پێدەبەخشم تەنها یەک گوڵی لالەم دەوێت لە بەرامبەردا’، بەڵام بازرگانەکە ڕەتیدەکاتەوە.”

بڵق (بەبڵ)ی گوڵی لالە

لە هۆڵەندا-ی ئەو کاتەدا گوڵی لالە بووبوو بە قسە و باسی گەورە و بچووک، هەژار و دەوڵەمەند، مامۆستا و خوێندکار، نۆژدار و نەخۆش، بەقاڵ و کڕیار، تەنانەت هەندێک سەرچاوە دەڵێن سەودا و بۆن و بەرامەی گوڵی لالە لە سەری منداڵانیشی دابوو لە هۆڵەندا. لە 1620ـەکاندا نرخی گوڵەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرزدەبێتەوە بە جۆرێک کە تەنها 10 گوڵی لالە، خانوویەکی باشیان لە ئەمستردام پێدەکڕدرا، لە ساڵی 1633 نرخی تەنها یەک گوڵی لالە لە جۆری ( semper augustus ) پێنج هەزار و 500 فلۆرینی دەبێت، لە ماوەی چوار ساڵ و لەنێوان 1633-1637ـدا نرخی تەنها یەک گوڵ دوو بەرامنبەر زیاددەکات و بۆ 10 هەزار فلۆرینی بەرزدەبێتەوە.

هەرەسی گوڵی لالە (نەخۆشیی شێتی لالە)

دوای هەرەسهێنانی نرخەکەشی بە نەخۆشیی شێتی لالە (tulip mania)ی هۆڵەندی ناوبانگی دەرکرد.

لە بەیانییەکی مانگی شوباتی ساڵی 1637دا، بازرگانانی گوڵی لالە لە ئەمستردام، ڕوویانكردە هارلم کە ناوەندی فرۆشتن و بەرزبوونەوەی نرخی گوڵی لالەبوو، بینییان هیچ کڕیارێکی گوڵی لالە لە شارەکەدا نییە، لە چەند ڕۆژێکدا و لەپڕ نرخەکەی بۆ یەک فلۆرین دادەبەزێت.

گۆڵدگار سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی گوڵی لالە دەڵیت، “بەرزبوونەوەی نرخی گوڵی لالە بەهۆی بەهای ڕاستەقینەی خۆیەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی خواست بووە لەسەر ئەو گوڵە لەلایەن هەندێک لەو کەسانەی کە پێیانوابووە دەتوانن بە گرانتر بیفرۆشنەوە و قازانج دەستبخەن.”

ئەو مێژوونوسە باس لەوە دەکات گوڵی لالە تەنها بڵقی ئابوری نییە، بەڵکو دەریای شێتی لە سەدەی 18ی  بەریتانیا، هەروەها بتکۆین لە سەردەمی ئێستاماندا، بەراوردێکی بچووکی تێگەیشتنی ئەو سەردەمەی گوڵی لالەی هۆڵەندیین.

پاش ئەوەی لە ساڵی 1637 نرخی گوڵەکە دەگاتە خاڵێک کە چیتر کەم کەس دەتوانێت دەستی بگاتێ و گیرفانی دەرەقەتی بێت، لەنێوان شەو و رۆژێکدا سیحری گوڵی لالە بەتاڵدەبێتەوە و کۆتاییدێت.

لە زانستی ئابووریدا کاتێک بڵقی ئابووری روودەدات، نرخ دەگاتە ئاستێکی سەرنجڕاکێش و بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو زێدەڕۆیی زۆری تیادا دەکرێت، لەو کاتەدا خەڵکانی هۆشیار لە کارەکە دەکشێنەوە و دەیانەوێت سوود لە نرخ وەربگرن و هەبووەکانی خۆیان دەکەن بە پارە و سەرمایە، دواتر خەڵکی زۆرتر هەوڵدەدەن هەبووەکانی خۆیان بفرۆشن، ئەوەش دەبێت بەهۆی دابەزینی زیاتری نرخ و وەک پوولی دۆمینە هەمووی بە جارێک هەرەسدەهێنێت، وەک ئەوەی بەسەر گوڵی لالەی هۆڵەندیدا هات.

بە جۆرێك باسی مێژووی ڕوداوەکانی بەرزبوونەوە و دواتر هەرەسهێنانی نرخی گوڵی لالە دەکرێت، كە لە دوای شکانی نرخەکەی، هیچ بەهایەکی ئابوری نەماوە و كار گەیشتووە بەو ڕادەیەی لە ماوەیەکی کەمدا، شەقامەکانی ئەمستردام و ئەو شارانەی ناوەندی فرۆشتنی گوڵەکە بوون، بە گوڵی لالە داپۆشران و خەڵک ئەو گوڵەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو سامانەکەی و موڵکەکانی دەدا تاوەکو ببێتە خاوەنی تەنها یەک دانەی، كەچی ئێستا ئیتر ئەو گوڵانەشی هەیەتی فڕێیاندەدات و هیچ بەهایەکیان نەماوە.

مێژووی بتکۆین

بتکۆین دراوێکی گریمانییە کە لە ساڵی 2008 لە لایەن کەسێک بە ناوی “ساتوشی ناکامۆتۆ” دروستکراوە، سەرەتا نرخی 1 بیتکۆین بە 7 سەنت بوو، لە مانگی یەکی ساڵی  2013 نرخی 1 بتکۆین بۆ 13 دۆلار ئەمریکی بەرزبووەوە. لە ناوەڕاستی 2013ـدا نرخەکەی زیاتر بەرزبووەوە، بە جۆرێک کۆتایی 2013 نرخی بتکۆینێک بۆ 980 دۆلار فڕی، مانگی 12ی 2017 نرخی 1 بتکۆین گەیشتە 20 هەزار دۆلار، نرخی هەر بتکۆین-ێک لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە سەروو 40 هەزار دۆلار.

بتکۆین و نەخۆشیی شێتی گوڵی لالە

بە پێی وتەی شارەزایانی ئابوری، بڕی ئەو بتکۆینەی کە لە جیهاندا هەیە و خاوەندارێتی دەکرێت و سەرجەمی ئەوانەشی بتکۆین دەکڕن، بە ئامانجی ئەوەیە ڕۆژێک بیگۆڕنەوە بە دۆلار و قازانجی لێبکەن، ئەمە لەکاتێکدا ئەو دراوە جیهانییانەی بە شێوەی دراوی کاش هەن، سەرجەمیان کۆبکرێنەوە، کەمترن لە بڕی ئەو بتکۆینانەی ئێستا هەن و خاوەندارێتی کراون، بۆیە چاوەڕێدەکرێت ئەم بەرزبوونەوە زۆرەی بتکۆین، جۆرێک بێت لە هەڵچوونێکی ئابوریی کاتی و وەک گوڵی لالە لە پڕ لە ماوەیەکی کەمدا نرخەکەی هەرەسبهێنێت، بۆیە دەکرێت بڵێین بتکۆین جۆرێکی مۆدێرنی نەخۆشیی گوڵی لالەی هۆڵەندییە.

وەک دەڵێن “ئەوەی لە مێژوو شارەزا نەبێت، مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی ئەو مێژووە”. بەبڵ و نەخۆشیی گوڵی لالەی هۆڵەندی، بۆ ئەوەن ئەمڕۆ پەندیان لێوەربگرین. پاول دانۆڤان نووسەر و ئابوریناسی بەریتانی و بەڕێوبەر و سەرۆکی کۆمپانیای “UBS”ی سویسری بۆ خزمەتگوزارییە داراییەکان، جۆردن بلفوری شارەزای بواری بۆرسە، بتکۆین بە “نەخۆشی” یان “شێتیی گوڵی لالە”ی هۆڵەندی (‘tulip mania’) بەروارد دەکەن.

دانۆڤان وەڵامی تۆم کین-ی پیشکەشکاری بلومبێرگ-ی بە “نەخێر” دایەوە، کاتێک  کە پرسیاری کرد: ئایا بیتکۆین توانا و قابیلییەتی ئەوەی هەیە کە بەشێک بێت لە بازاڕی دراو لە داهاتوودا؟ جۆردن بلفۆر بتکۆینی بە “سکام و دەستبڕینێکی گەورە” وەسفکرد.

ستيفن ئينيس، سەرۆکی بازرگانیی دراوی ئاسیا و شارەزا لە بۆرسە باوەڕیوایە، بتکۆین هەمان چارەنووسی گوڵی لالەی هۆڵەندی دەبێت. ئەو لە کەناڵی سی ئێن ئین دەڵێت “نرخی بتکۆین بە شێوەیەک بەرزبووەتەوە کە مرۆڤی ئاسایی توانای کڕینی نییە، سەرئەنجام خواست لەسەر بیتکۆین هەرەسدەکات”.

کێن گریفین، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی “Citadel LLC” دەڵێت “بتکۆین دراوی داهاتوو نییە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆدەکەن، ئەو هەر نەخۆشییەکە وەک شێتیی گوڵی لالەی هۆڵەندی”. دەشڵێت “زۆر نیگەرانم بۆ ئەوانەی پارەی خۆیان لە بتکۆین خەرجدەکەن. ئەوان نازانن بەشداریی چی دەکەن، ئەم  بەبڵە بە گریان و فرمێسک کۆتاییدێت”.

بابەتی پێشتر

ئەنچلۆتی گڵۆپی سەوزی بۆ ئاڵوگۆڕێکی گەورەی نێوان ئێڤەرتۆن و ڕۆما داگیرساندووە

بابەتی دواتر

كوبا وەڵامی بڕیارەكەی ئەمریكا دەداتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

نرخی دراوە جیهانییەکان ئەمڕۆ دووشەممە 14ی کانونی یەکەم، لە بازاڕەكانی هەرێم بڵاوکرایەوە و بەپێی ئەو نرخانەش دۆلاری ئەمریکی…
Total
2
Share