پرۆتینی ئاژەڵی یان رووەكی
كامیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كێش بەسوودە؟

رۆژانە خواردنی بڕی پێویست لە پرۆتین، یەكێكە لە رێگاكانی گەیشتن بە ئامانجی لەدەستدانی كێش، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی یەكێكە لەو سێ خۆراكە سەرەكییەی گرنگە بۆ جەستە تا بە دروستی كاربكات، هاوشانی چەوری و كاربۆهیدرات، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كامیان باشترە (پرۆتینی رووەكی یان ئاژەڵی؟).

ئەماندا ڤیلاسكیز، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی قەلەوی دەڵێت، “تادێت توێژینەوەكە زیاتر و زیاتر دەیسەلمێنن كە پرۆتینی رووەكی بەهەمان ئاست كاریگەرە، لەرووی بەردەستكردنی خۆراكی پێویست بۆ جەستەی مرۆڤ”.

سایتی (هێلس)ی پزیشكی لە زاری ئەو پسپۆرە وتیشی، “بەڵام پرۆتینی رووەكی، بەشێوەیەكی گشتی سوودی زیاتری هەیە، بەراورد بە پرۆتینی ئاژەڵی”.

بەهۆی ئەوەی پرۆتین دەبێتە هۆی باشكردنی پرۆسەی میتابۆلیزم لە مرۆڤدا، بۆیە خواردنی بڕێك زۆر لێی دەبێتە هۆی هەستكردن بە ئاستێكی زۆرتری تێری، وەك ئەوەی ئەمبر شیڤر-ی شارەزای خۆراك ئاماژەی پێدەكات.

بەپێی وتەی شارەزایانی تەندروستی، پرۆتین هەر تەنها نابێتەهۆی بەخشینی هەستی تێربوون، بەڵكو دەشبێتەهۆی پڕبوونی گەدە بۆ ماوەیەكی درێژتر.

ڤیلاسكیز روونیكردەوە، “سەرجەم خۆراكە سەرەكییەكان، بەشێوەیەكی جیاواز كاریگەرییان لەسەر جەستە هەیە لەڕووی ئەو ماوەیەی پرۆسەی هەرسكردن دەیخایەنێت، بەڵام شیكردنەوەی پرۆتین كاتێكی زیاتری دەوبێت، بەوەش وزەیەكی زیاتری پێویستە، كە ئەمەش دەبێتەهۆی دابەزاندنی كێش”.

لەكاتێكدا پرۆتین دەبێتەهۆی دابەزاندنی كێش، لەهەمان كاتدا بەشێكی زیندوو و سەرەكییە بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی جەستە. ڤیلاسكیز دەڵێت، “بەبێ خواستی مرۆڤ، لە کاتی دابەزاندنی کێشدا، لەگەڵ هەر بەشێك لە چەوریدا هەندێک لە ماسولکەکانی لەدەستدەدات”. ئەوەش دەڵێت، “بۆیە، لەپێناو پارێزگاریكردن لەو بەشە لە ماسولكە، زۆر گرنگە هەر كەسێك بڕی پێویست لە پرۆتین بخوات”.

سەبارەت بە سەرچاوەی پرۆتین، شارەزایان كۆكن لەسەر ئەوەی بژاردەی رووەكی بەشێوەیەكی گشتی زۆر باشترە بۆ تەندروستیی جەستە، چونكە ریشاڵی زۆرتری تیایە بەراورد بە گۆشت.

“كاتێك كارەكە پەیوەستە بە دابەزاندنی كێش، زۆر گرنگە كە بڕێكی زۆر پرۆتین لە سیستمی خۆراكیماندا نەبێت، چونكە پێویستە لەسەرمان پەیڕەوی سیستمێكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ بكەین. پرۆتینی ئاژەڵییش بڕێكی زۆر لە ریشاڵی تیانییە وەك ئەوەی ئەوەی لە پرۆتینی رووەكیدایە”، ڤیلاسكێز وای وت.

نمونەیەكیشی هێنایەوە وتی، “كوپێك فاسۆلیای رەش نزیكەی 42 گرام پرۆتین و نزیكەی 30 گرام ریشاڵی تیایە. لەكاتێكدا نزیكەی 100 گرام لە ماسیی كلك زەرد (دردمان) نزیكی 43 گرام پرۆتینی تیایە، بەبێ هیچ بڕە ریشاڵێك”.

روونیشیدەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی پرۆتینی رووەكی ریشاڵی تیایە، هاریكاردەبێت لە هەستكردن بە تێری بۆ ماوەیەكی درێژتر و پاڵپشتیی تەندروستیی گەدەش دەكات. ئەمەش خۆی بۆ خۆی دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی رێكخستنی كێش.

لەگەڵ ئەوەشدا رێنوێنی دەكات بە دووركەوتنەوە لە گۆشتی پرۆسێس كراو، چونكە دەبێتەهۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە شەكرە لە جۆری دووەم و نەخۆشییەكانی دڵ.

بابەتی پێشتر

کوبا باندێکی دەستگیرکردووە کە 133 تۆن مریشکیان دزیوە

بابەتی دواتر

هاککەرێک دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share