لە ماوەی 16 ساڵدا، 46 هەزار و 751 نەخۆشی شێرپەنجە بەهەموو جۆرەکانی لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون.
د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2007 تا 2023، 46هەزار و 751 نەخۆشی شێرپەنجە بەهەموو جۆرەکانی لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 15%ی ئەو رێژەیە نەخۆشی دەرەوەی سلێمانی و لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق بوون.
بەپێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکردن، ئەو رێژەیەی تۆمارکراوە نزیکەی 18.1%یان شێرپەنجەی مەمک بووە لەنێو خانمانداو 6.3% یان شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە 6.1% شێرپەنجەی سییەکان و 5.2%یان شێرپەنجەی پڕۆستات بووە، کە ئەوانە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەن لە پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری، ئەگەر لە قۆناغی سەرەتادا نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت بە ئاسانی چارەسەردەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هاوڵاتییان هۆشیارییان هەبێت، نابێت لە هەبوونی گرێ یان شێرپەنجە بترسن بەڵکو دەبێت پشکنین بکەن و هۆشیار بن، پێویستە حکومەتیش بودجە و ئامێری پێویست بۆ ئەم بوارە تەرخان بکات.
رۆژی 4ی شوبات، بە رۆژی جیهانی هۆشیاری شێرپەنجە لە جیهاندا دیاریکراوە و ئەمساڵ بە دروشمی “چیتر نەخۆشی شێرپەنجە ترسناک نییە بەڵکو درێژ خایەنە” ئەم رۆژە یاددەکرێتەوە.