وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سکاڵایان لە دژی ئێران تۆمارکردووە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عێراق سکاڵایەکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، سەبارەت بەو هێرشە موشەکییەی کە کراوەتە سەر شاری هەولێر و زیانی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێنا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە، دوو نامەی یەکسان کە سکاڵاکانی عێراق بوون ئاراستەی هەردوو ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە لەڕێگەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی کۆماری عێراق لە نیویۆرک، کە تیایدا ئەوە دووپاتکراوەتەوە، “ئەم دەستدرێژییە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی گەلی عێراقە.”