خاوەنی 610 نانەواخانەی هەولێر مانیان لە کارکردن راگەیاند و ئاشکرایانکرد، بەرپرسانی هەولێر رێگەنادەن کاربکەن.
خاوەن نانەواخانەکانی هەولێر لە بەیاننامەیەدا بڵاویانکردەوە، ئێمە وەكو خاوەنی 610 نانەواخانەی هەولێر كە ئەمڕۆ كارمان نەكردووە بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەرمانە، دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەكانمان، تكامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی هەولێر رابگرن، چونكە بەڕاستی ئەوان رێگەنادەن كار بكەین.
لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، راستە ئێستا ئارد هەرزان بووە، بەڵام دوو ساڵ لەمەوبەر فەردەیەك ئاردمان بە 45 هەزار دینار دەكڕی ئەو كات بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر هاوڵاتییان نەكات ئێمە لە فرۆشتنی نان بە نرخی خۆی بەردەوام بووین، ئێستاش خاوەن نانەواخانە هەیە زیاتر لە 40 ملیۆن دینار قەرزی ئەو كاتەیە، بە نرخی ئاردی ئێستاش نە قازانجە نە زەرەرە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا باسلەوەکراوە، بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی هەولێر جێبەجێدەكەن دەیانەوێت ئێمە پێشێلی یاسا بكەین، چونكە بەو نرخەی نان دەبێت ئێمە كرێكاری خۆمان دەربكەین و كرێكاری تر بهێنین بۆ شوێنەكانیان ئەمەش پێشێلی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییە كە نازانین بۆچی هێندە دژی كرێكاری خۆمان كار دەكەن و رقیان لێیان دەبێتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، ئەمڕۆ 610 نانەواخانە كارمان نەكردووە واتا 1830 كرێكار كاریان نەبووە، ئێمە دژی شاری خۆمان نین، دژی هیچ كەسێك نین، بەڵكو قرتقرتۆکمان”بینەقاقامان” گیراوە ناهێڵن كار بكەین.