شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سودانی كۆبووەوە

شاندی حكومەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوو حكومەتیان تاوتوێكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سودانی، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و، دۆسیە ئەمنی و دارایی و ئابورییەكان كرا، سەرەڕای گفتوگۆكردن لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە شوباتی داهاتوودا.

هەروەك جەختكرایەوە لەسەر گرنگیی زیادكردنی هەماهەنگی لەنێوان ناوەند و هەرێم بۆ چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكان، بەتایبەت دەروازە سنوورییەكان و، یەكخستنی سیاسەتی گومرگی و یاسای پاراستنی بەرهەم بەجۆرێك بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی وڵات و گەل بهێنێتەدی، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ئێوارەی دوێنی شاندەكە كە پێكهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری و شاندی یاوەریان گەیشتنە بەغداد.

بەیانی ئەمڕۆش یەكەم كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەمەد تەمیمی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان و ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا.

لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، سیاسەتی گومرگیی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لەسەر ئەو پرسانە لە نێوان هەردوولادا ماون گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

بابەتی پێشتر

بنکەی نوێی تەندروستیی پەروێزخان کرایەوە

بابەتی دواتر

لەمانگێكدا 907 منداڵ لەنەخۆشخانەی منداڵبوونی فێرکاریی سلێمانی لەدایك بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share