حكومەتی هەرێم پابەندیی خۆی ڕاگەیاند.. هەنگاوی دواتر چییە؟

ئەمڕۆ لە هەنگاوێكی نوێدا وەزارەتی دارایی هەرێم بە نوسراوێك بە حكومەتی عێراقی ڕاگەیاند، هەرێم پابەندی یاسای قەرز-ی عێراق دەبێت، پەرلەمانتارێكیش بە هەنگاوێكی باشی ناو دەبات.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو هەنگاوەی هەرێم، هەوڵێكی زۆرباشە، ئەوەش ئەنجامی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر حكومەت هەیانبوو بۆ ڕێككەوتنی حكومەت لەگەڵ بەغداد، هەروەها پیشاندانی نیاز پاكییەكەی باشە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “گرنگ لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی هەردوولادایە، دەبێت شاندێكی فەرمی لە هەرێمەوە بێنە بەغداد بۆ ئەوەی لەسەر وردەكارییەكەی گفتوگۆ بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

پێشتر لە 22ی تشرینی دووەم حكومەتی عێراقی نوسراوێكی ئاڕاستەی حكومەتی هەریمی كوردستان كردووە، داوای پابەندبوونی بەو یاسایەوە كردووە و ئەوە حكومەتی هەرێمیش پابەند دەبێت، وەك شیروان میرزا وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بەو نوسراوەی هەرێم ئێستا هەردوولا ئامادەییان پیشانداوە كە پابەند دەبن و تەنها جێبەجێكردنی ماوە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە و گەشبینم بە داهاتووی”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی مستەفا كازمی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كە كوردەكانیش بەشداربوون و لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداربوو، هەمووان جەختیانكردەوە كە كێشەكان لەگەڵ هەرێم بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن”.

بابەتی پێشتر

فەڕەنسا.. بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندەوە هەزاران پەلەوەر لەناوبران

بابەتی دواتر

"نوێکردنەوەی بۆندەکەم بۆ ئەوەیە لەگەڵ کوڕەکەم یاری بکەم"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share