لە عێراق، بەڕێوەبەرێکی گشتی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زیاتر لە 30 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دادگا بڕیارێکی بەرامبەر بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پاڵاوگەی ناوەندی دەرکردووە کە بریتییە لە زیندانیکردنی بە پێنج ساڵ و غەرامەکردن و گەڕاندنەوەی زیاتر لە (30) ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە و راپۆرتەکاندا گەیشتە سزای تەواو لەسەر ئەو بەڕێوەبەرە، چونکە کەمتەرخەمی لەکارەکەیدا کردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆی کاریکردووە پێویستە بە بڕەپارەیەکیش غەرامە بکرێت کە هاوتای ئەو زیانەبێت بە خەزێنەی گشتی دەوڵەتی گەیاندووە.
باس لەوەش کراوە، لەسەر بنەمای بڕگەکانی مادەی (19/دووەم)ی یاسای دەستەی دەستپاکی و قازانجی نایاسایی ژمارە (30ی ساڵی 2011)، سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە.