زۆر كەس راستەوخۆ دوای ئازاری سەر روو لە خواردنی پاراسیتامۆڵ یان هەر ئازارشكێنێكی دیكە دەكەن، بەڵام دەكرێت چارەسەر لەڕێی هەندێك خۆراك و شلەمەنییەوە بێت.
سەرئێشە یەكێكە لەو گرفتە تەندروستییانەی رووبەڕووی هەر یەكێك لە ئێمە دەبێتەوە، بەتایبەت كاتێك دەگاتە ئازاری لایەكی سەر كە بە (شەقیقە) ناسراوە و، هەندێك كەس تووشبووی ئەو جۆرە ئازارەن. ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە كە چارەسەر تەنها لەڕێی دەرمانەوە نییە، بەڵكو هەندێك خواردن و خواردنەوە دەتوانن ئازارەكە كەمبكەنەوە، یان جارەكانی تووشبوون پێی كەمبكەنەوە.
پێگەی (Realsimple) ناوی ژمارەیەك لەو خواردنانە دەخاتەڕوو، لەوانە مۆز كە دەتوانێت ئەو ئازارەی بەهۆی برسێتییەوە سەرهەڵدەدات كەمبكاتەوە بەهۆی ئەوەی پڕ لە ریشاڵە و كردەی هەرس خاودەكاتەوە و ماوەی تێربوون درێژدەكاتەوە.
یەكێكی دیكە لەوانە چای نەعنا-یە كە سوودبەخشە، چونكە شلەمەنییەكان بەشێوەیەكی گشتی یاریدەدەری كەمكردنەوەی ئازارن بەتایبەت پاش هەوڵێكی زۆری جەستەیی، دووەمیش لەبەر بوونی مێنتۆل، كە پێكهاتەیەكی سەرەكی نەعنایە و تایبەتمەندیی كەمكردنەوەی ئازاری هەیە.
شوتی: نزیكەی 90%ی ئەم میوەیە پێكدێت لە ئاو، كە خواردنی دەبێتە یاریدەدەری گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی شلەمەنی لە جەستەدا، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی وشكبوونەوە.
سەوزە گەڵادارەكان: وەك سپێناخ، شێلم و سلق كە سەرچاوەی مەگنسیۆم و ڤیتامین Bن، كە دوو پێكهاتەی پەیوەندیدارن بە پاراستن لە ئازاری لایەكی سەر و كەمكردنەوەی نیشانەكانی، وەك ئەوەی شارەزایان دەیڵێن.
فاسۆلیای رەش: دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و پرۆتین، دوو سەرچاوەی وزەبەخشن و هەستی تێربوون دەستەبەردەكەن. جگە لەوەی مەگنسیۆمی تیایە. بەشێوەیەكی گشتیش پاقلەمەنییەكان زۆر سوودبەخشن بۆ تەندروستی بە سەرجەم جۆرەكانیەوە.