ناسا كەشتییەك رەوانەی هەسارۆچكەیەكی جیاواز دەكات

ئاژانسی ئاسمانگەری ئەمریكی ناسا كەشتییەكی رەوانەی هەسارۆچكەی (سایكی 16) كرد.

هەڵدانی كەشتییەكە كاتژمێر 05:20 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ بە كاتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی موشەكێكی فالکۆن هێڤی ئەنجامدرا و، چاوەڕوان دەكرێت كەشتییە ئاسمانییەكە لە مانگی ئابی ساڵی 2029 بگاتە هەسارۆچكەكە و نزیكەی دوو ساڵ زۆر لە نزیكەوە بەدەوریدا بسوڕێتەوە و پشكنینی بۆ بكات.

لوقمان حەوێز، شارەزا و ئەندامی كۆمەڵەی گەردوونناسی تەكساس رایگەیاند، ئەم گەشتە یەکێکە لە کار و گەشتە هەرە گرنگەکانی ناسا لە ئەمساڵدا، هەسارۆچکەی (سایکی 16) تەنیا نیکل و ئاسنەکەی بەهاکەی بە نرخی ئەمڕۆ زیاترە لە 700 کوینتیلیۆن دۆلار (ژمارەیەك كە هەژدە سفری لە پێشەوە بێت)، ئەوە جگە لە بەهای ئەو زێڕە زۆرەی لە پێکهاتەکەیدا هەیە.

روونیشیدەكاتەوە، لە کۆمەڵەی خۆرەکەمان خولگەیەک یان ناوچەیەک هەیە پێیدەوترێت پشتێنەی هەسارۆچکەکان (Astroids.Belt)، ئەم ناوچەیە کەوتۆتە نێوان خولگەی هەسارەی مەریخ و هەسارەی موشتەری.

لەم خولگەیەدا دەیەها هەزار هەسارۆچکە هەن و ئەوانیش وەک زەوی و هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، زۆربەیان بچوکن و تیرەکانیان لە نێوان چەند مەترێک بۆ چەند کیلۆمەترێک دەبێت، بەڵام هەندێکیان گەورەن و تیرەیان دەگاتە سەدەها کیلۆمەتر، لوقمان حەوێز وا دەڵێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، گەورەترینیان هەسارەی سیریسە کە تیرەکەی 950 کیلۆمەترە، لەنێو ئەو هەسارۆچکانە Psyche 16 لە هەموویان سەرنجڕاکێشترە، چونکە وەکو هەسارۆچکەکانی دیكە زۆربەی پێکهاتەکەی لە بەردی سیلیکات پێکنەهاتووە، بەڵکو بە تەواوی لە ئاسن و نیکل و هەندێک لە توخمە قورسەکانی دیكەی وەک زێڕ و هی تریش پێکهاتووە.

ئەو شارەزایە باس لەوەشدەدات، (سایکی 16) تارادەیەک گەورەیە، تێکڕای تیرەکەی 280 کیلۆمەترە، بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەم هەسارۆچکەیه کرۆکی هەسارەیەکی گەورە بووە، بەڵام بەهۆی بەریەکكەوتنێک لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر، هەسارەکە تێکشکاوە و ئێستا ئەوەی ماوەتەوە و دەیبینین تەنیا ناوک و کڕۆکە قورسەکەی ئەو هەسارەی پێشووترە، کەواتە گەشتکردن بۆ ئەو هەسارەیە وەکو گەشتکردنە بۆ ناخ و کرۆکی زەوی و پشکنین بۆ ئەوەی بزانین کڕۆکی زەوی و هەسارەکان بە گشتی چۆنن و بە وردی پێکهاتەکانیان چیە.

ئاماژەشدەدات، ئەم گەشتەی ناسا بەرەو ئەو هەسارۆچکەیە بێ مرۆڤە، ئەو کەشتیەی لە گەشتەکەدا بەکاردەهێنرێت هەر پێی دەوترێت Psyche. ناسا پێیوایە کە مرۆڤ لە داهاتوودا دەتوانێت سوود لە پێکهاتەکانی ئەم هەسارۆچکەیە وەربگرێت.

پێشبینیەکان بۆ داهاتووێکی دورتریش ئەوەیە کە کەشتیە زەبەلاحەکان بۆ گەشتە ئاسمانیەکانی مرۆڤ لە نێو کۆمەڵەی خۆر و نێوان ئەستێرەکان لە دەرەوەی هەسارەی زەوی دروستبکرێن بە سوودوەرگرتن لەو کانزایانەی لەسەر ئەو هەسارۆچکانەدا هەن، هەسارۆچکەی (سایکی 16)ش یەکێک لەوانە دەبێت کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت، دووریش نیە دوای چەند سەد ساڵێکی تر مرۆڤ بتوانێت ئەم هەسارۆچکەیە رابکێشێت بۆ خولگەیەکی نزیکتر لە هەسارەی زەوی، بۆ نمونە لە خولگەیەکی وەکو ئەوەی مانگ بە دەوری زەوی، ئەوکاتە ئاسانتر دەتوانرێت راستەوخۆ سود لە کانزاکانی وەربگیرێت بۆ ماوەی دەیەها هەزار ساڵ چی بویسترێت لێی دروستبکرێت و ئەوساکە هیچی تر هەسارەی زەوی پیس نەکرێت بە کارگەکانی دەرهێنانی کانزاکان، بەتایبەتیش تا ئەو وەختە هەموو پیشەسازییە قورسەکان دەبرێن بۆ بۆشایی ئاسمانی و دەوری هەسارەی زەوی، حەوێز وا دەڵێت.

ئاشكراشیكرد، لەڕاستیدا ئێستا جێف بیزۆز کە سەرۆکی کۆمپانیای ئەمەزۆن-ە و یەکێک لە هەرە دەوڵەمەنترین کەسەکانە لە جیهان پلان بۆ ئەوە دادەنێت، ئەو دەیەوێت لەڕێگەی کۆمپانیاکەی تری بەناوی Blue.Origin کە خۆی خاوەندارێتی دەکات ئەو کارە بکات.

دووپاتیشیدەكاتەوە، تەنیا بەهای ئەو بڕە ئاسن و نیکلەی کە هەیە لەسەر ئەم هەسارۆچکەیە جگە لە توخمەکانی تر وەکو زێڕ پترە لە 700 کوینتیلیۆن دۆلار بە نرخ و پارەی ئەمڕۆ، هەر بۆ مەزەندەکردن ئەگەر بڕە پارەیەکی ئاوا بەسەر هەموو مرۆڤەکانی ئەمڕۆ وەکو یەک دابەشبکرێت هەریەکەیان 90 ملیار دۆلاریان بەردەکەوێت.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، ئەو بڕە ئاسن و نیکل و توخمە قورسانەی دیكەی وەک زێڕ کە لەسەر ئەم هەسارۆچکەیە هەن، دەتوانن پێداویستییەکانی مرۆڤ بۆ پیشەسازییە قورسەکان بۆ پتر لە دەیەها هەزار ساڵ دابینبکەن، بەکورتی ئێستا دەزانرێت خێر و بەرەکەت لە ئاسمانە نەوەک تەنیا لەسەر زەوی، بەڵام جارێ ئێمەی مرۆڤەکان لە ئەمڕۆدا دەستمان بەو خێر و بەرەکەتە ناگات.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی پەیامێك ئاراستەی مووچەخۆران دەكات

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بە نزیكەی 6% بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share