بافڵ جەلال تاڵەبانی و شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیکرد لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

لە دیدارێکدا گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم، عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران و جەخت لە رەخساندنی زەمینەیەكی لەبار بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی بەتایبەت لەنێوان هەولێر و بەغداد کرایەوە بە جۆرێک دەستوور و گفتوگۆ بناغەی پەیوەندییەکان بن.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر کۆی هاوکێشەکان هەڵوەستەیکرد و ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵە ئەرێنی و یاساییەکان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عیراق و رایگەیاند، هەر پرسێک پەیوەست بێت بە ژیانی خەڵک و مووچەوە داوامانکردووە دووربخرێتەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆ ئەوەش چەندین میکانیزمی پێویست خراوەتەڕوو تاوەكو ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەربکەین و بە یاسا ماف و ژیانی خەڵکی هەرێم مسۆگەربکەین.

سەبارەت بە پرسی رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، سەرۆک بافڵ وەفدی میوانی بەرچاوڕوونکرد و بەربەستەکانی بەردەم ئەم هەنگاوە نیشتمانییەی خستەڕوو، جەختیشیکردەوە کە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشەیەشدا تاوەكو بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانمان هێزێکی نیشتمانی و تۆکمە بونیادبنێین، یەکێتیش پشتیوانیی تەواو لە سەرخستنی ئەم ئامانجە نیشتمانییە دەکات بە شێوەیەک یەکسانی و دادپەروەریی تێدا رەچاوبکرێت.

 

بابەتی پێشتر

دەستپێکردن بە خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێم دواخرا

بابەتی دواتر

عێراق بە دراوی ناوخۆیی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ چەند وڵاتێکدا دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share