پارێزەرێك لە هەولێر دەڕفێندرێت و بەتوندی ئەشكەنجە دەدرێت

محەمەد یابە-ی پارێزەری راوێژكار

لەلایەن چوار كەسی چەكدارەوە پارێزەرێك لە هەولێر دەرفێندرێت و بە توندی ئەشكەنجە دەدرێت، چەند بەشێكی جەستەی شكێندراوە و سەریشی تاشراوە.

یونس یابە، برایەكی پارێزەرەكە رایگەیاند، كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو رفێندراوە و، بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەر بووە، تەنها لەبەر ئەوەی لەسەر دۆسیەیەك وەك پارێزەرێكی راوێژكار كاری كردووە.

وتیشی، “بە قۆناغە تفەنگ و كلكە دەمانچە هێرشیان كردووەتەسەر، دەموددانی شكاوە، چەقۆیان لەسەر ملی داناوە، لەكاتێكدا هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و كاری تەنها بەرگریكردن بووە لە یاسا”.

ئەو پارێزەرە لەسەر دۆسیەی نێوان ژن و مێردێك كاریكردووە و پارێزەری ژنەكە بووە، لەلایەن هاوسەری ژنەكەوە كەوتووەتە بەر ئەو هێرش و پەلامارە، وەك ئەوەی خۆی ئاماژەی پێدەدات.

برای پارێزەرەكە وتی، “ئەگەر بەرگریكار لە یاسا ئاوهای بەسەربهێنرێت، قوڕ بەسەر خەڵكی دیكە”. روونیشیكردەوە، هیچ دوژمنایەتییەكی كەسی نەبووە، لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا رفێندراوە.

داواشی لە كاربەدەستانی حكومەت و هەولێر كرد دۆسیەی هێرشەكە “ون نەبێت” و وتی، “بەو مەرجە ئازادیان كردووە، بچیتە دەرێ و شكات بكەیت، یەك لە براكانت یان منداڵەكانت یان خۆت دەكوژین. ئێمە وەك كەسوكاری لەژێر هەڕەشەداین. ئەگەر (دۆسیەكە) بزر بێت، دووبارە دەبێتەوە وەك ئەوەی ئەو سەرتاشینە دووبارە بووەوە”.

محەمەد یابە، پارێزەری راوێژكار لەبارەی رووداوەكەوە وتی، “چوار كەس لێیاندام، پێشتر دەستیان لە پشتەوە بەستمەوە، جلەكانم یەكپارچە خوێنە”.

دەشڵێت، هەموو ساتەكانی هێرش، لێدان و ئەتككردنیان وێنەدەگرت.

بەهۆی ئەوەی پاش لێدان و ئەشكەنجەدان هەڕەشەیان لێكردووە سكاڵا نەكات، ئەو پارێزەرە دەڵێت، تا درەنگانی شەو ئامادەنەبووە سكاڵا بكات یان ناویان بهێنێت و وتی، “بەمەرجێك ئازادیان كردم سكاڵا نەكەم، دەنا یان كیژ یان خێزانت یان كەسوكارت خراپترین شت دەكەین بەرامبەریان، یان دەتكوژین شتی زۆر زۆر لەوە زیاتریشیان دەوت، تێمدەگەن ئێوە”.

محەمەد یابە ئەوەشی خستەڕوو، دوو ساڵە لەلایەن ئەو كەسەوە هەڕەشەی لێكراوە و، شەوی رابردوو بە “فێڵ” گرتوویانە و دەڵێت، ئەوەی ئەوان كردیان “داعش نایكات و نەشیكردووە” لە هەولێر وای لێهاتووە خەڵك تووشی فۆبیایەك بێت، تووشی ترسێك بێت.

لە كۆتایشیدا وتی، ئەو تەنها پارێزەری ژنەكە بووە و بەرگری لێكردووە لە رێوشوێنە یاساییەكان، ئەوە دادگایە بڕیار دەدات، ئەوە ئەو نییە بڕیار بدات، دادگایە ماف بە كێ دەدات و بە كێی نادات.

بابەتی پێشتر

ماكرۆن ئەو یاسایەی واژووكرد كە ناڕەزایەتیی گەورەی لێكەوتەوە

بابەتی دواتر

سەربازانی ئەمریکا لە سوریا تووشی زەبری مێشک دەبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share