ئێران: بەمزووانە بە سەختیی تۆڵەی سلێمانی دەكەینەوە

ئێرانییەكان هەڕەشەكانیان بەرانبەر بە ئەمریكا و ئیسرائیل چڕكردووەتەوە و دوای كوژرانی زانا ئەتۆمییەكەیان و لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوشتنی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریكا-وە، ئەو هەڕەشانە چوونەتە قۆناغێكی باڵاترەوە، بە جۆرێك لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، گەورەترین كاربەدەستانی ئێران، هەڕەشەی “گورزوەشاندنی توند و تۆڵەسەندنەوەی سەخت” لە ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەن، وەك عەلی خامنەئی و حەسەن ڕوحانی و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێران.

لە نوێترین هەڕەشەی ئێراندا، سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات و دەڵێت، “بەمزووانە تۆڵەی سلێمانی و موهەندس دەكەینەوە و وێنەكانیان بە دیواری مزگەوتی ئەقسا-دا هەڵدەواسین.”

عەمید- محەمەد ڕەزا نەقدی، یاریدەدەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ كاروباری هەماهەنگی، جەختیكردەوە كە “بەمنزیكانە بە توندیی تۆڵەی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندس و هاوڕێكانیان دەكەنەوە.”

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران، هەڕەشەی دەركردنی ئەمریكا لە وڵاتانی ناوچەكە و لەناوبردنی ئیسرائیل دەكات و بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، نەقدی ڕایگەیاندووە، “تۆڵەی سەخت بەڕێوەیە و ئەوەی دەبێت بیكەن و بەدەستی گەنجانی ئێران و ئیسلام بەدیبێت، دەركردنی ئەمریكایە لە ناوچەكە و لەناوبردنی قەوارەی زانیۆنی و هەڵواسینی وێنەی شەهید سلێمانی و شەهید موهەندس و شەهیدانی بەرگرییە بە دیواری مزگەوتی ئەقسا-دا.”

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، هیدای زیلبێرمان، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل وتی، “زانیارییمان لەبەردەستدایە کە ئێران پەرەی بە فڕۆکە و موشەکە زیرەکەکانی داوە و لە توانایاندایە بگەنە ناو خاکی ئیسرائیل.”

ڕاشیگەیاند، “یەکەم ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کاتێکی گرنگە و ئێران گرنگی بەوە دەدات لەو کاتەدا چالاکی سەربازی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجام بدات، چونکە ئێران هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بە یەک چاو سەریردەکات و جیاوازی ناکات لە نێوانیاندا.”

لێدوانەكەی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە هات كە چەندین گەورە بەرپرسی ئێران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان لە ئەمریكا و ئیسرائیل كرد، بە تایبەت هەڕەشەكانی دوو هەفتەی ڕابردووی خامنەئی و ڕوحانی، كاتێك ڕۆژی چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم، عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، “تۆڵەسەندنەوەی سلێمانی مسۆگەرە، لە هەر شوێن و كاتێكدا دەیكەین، تۆڵە لەوانە دەكەینەوە كە فەرمانی تیرۆركردنەكەیان كرد، لەوانەش كە تیرۆركردنەكەیان جێبەجێكرد.”

دواتر عەلی خامنەئی، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی لەلایەن ئیسرائیلەوە كرد و لە تویتێکدا وتی، “ئەوانەی موحسین فەخریزادەیان کوشت، بە سزای خۆیان دەگەن و دەبێت بەدواداچون بکرێت بۆ ئەو تیرۆرە و تاوانباران بە سزابگەن.”

بەدوای ئەو دوو هەڕەشەیەی خامنەئی-دا، حەسەن ڕوحانی، سەرۆكکۆماری ئێران جەختیكردەوە كە “تۆڵەی کوشتنی موحسین فەخری زادە دەکەینەوە و لە شوێن و کاتی خۆیدا تۆڵەی ئێران دەبینن.”

جگە لە كاربەدەستانی ئێران، چەندین فەرماندەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەیان لە ئەمریكا كردووە لە پای كوشتنی سلێمانی و موهەندس-دا، دوایینیان، هەڕەشەكەی دووشەممەی ڕابردووی خەزعەلی بوو، كاتێك ڕایگەیاند، “خوێنی سەركردەكان بەفیڕۆ ناچێت.”

فالح خەزعەلی، كە جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی “سەنەدی نیشتمانی”یە، دووشەممە 21ی كانونی یەكەم وتی، “خوێنی سەركردەكانی سەركەوتن و سەركردەكانی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت و نهێنیی سەركەوتنە بەسەر تیرۆر و پرۆژە دەرەكییەكاندا. ئامانجی ئێمە بۆ تۆڵەكردنەوەی خوێنی سەركردەكان (وەك ئاماژەیەك بۆ ئەبو مەهدی موهەندس و قاسم سلێمانی) دەركردنی ئەمریكا-یە لە عێراق.”

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەكگرتووەكان داوای ئازادكردنی چالاكوانێكی سعودی دەكات

بابەتی دواتر

هەژاری لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نێچیرڤان بارزانی: له‌م کاته‌ سه‌خته‌دا بیرمان له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی و گه‌لی ئێرانی دۆست و دراوسێدایه‌

سەرۆکی هەرێم رایدەگەیەنێت، له‌م کاته‌ سه‌خته‌دا بیرمان له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی و گه‌لی ئێرانی دۆست و دراوسێدایه‌. لە بارەی ئەو…
Total
0
Share