ئۆلیگاریشی چییە و چۆن دەستیان بە توانا سیاسی و داراییەكانی پوتینەوە گرتووە؟

ئۆلیگاریشی، یان حکومەتی کەمینە، لە بەرامبەر دیموکراسی، یاخود حکومەتی زۆرینەیە. بەپێی بۆچوونەکانی ئەفڵاتون، هێز و دەسەڵات لە دەست ژمارەیەکی کەمدایە، کە کاریان گەندەڵی و دزییە و هەموو سامانێک بە هی خۆیان دەزانن.

ئەفڵاتون لە کتێبی “کۆمار” بەمشێوەیە باسیان دەکات، “ڕێبەرە گەندەڵەکان بۆ گەیشتن بە داهاتی زۆر، کەشێک دەخوڵقێنن کە سەرمایەدارەکان بە دەسەڵات بگەن و لەم حکومەتەدا چینی هەژار هیچ پێگەیەکی نییە”.

بە واتایەکی تر، جۆرێکە لە حکومەت، کە تەنها پێویستی بە سامانە، نەک زیرەکی و لێهاتوویی. ئەفڵاتون دەڵێت، لەم حکومەتەدا یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی لەناودەچێت، چونکە کۆمەڵگا دابەشدەکرێت بەسەر دوو گروپی دەوڵەمەند و هەژاردا و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی دزی و بەتاڵانبردنی سامانی خەڵک.

هەروەك ئەرستۆ دەڵێت، ئۆلیگاریشی مۆدێلێکە لە حوکمڕانی، کە تەنها کاری پەرەپێدانی گەندەڵییە.

دوای هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا و دەستبەسەراگرتنی چەند ناوچەیەکی وڵاتەكە لەلایەن ڕوسیاوە، وشەی ئۆلیگاریش زیاتر دێتە بەر گوێمان و لێرە و لەوێ دەبیستین، کە ڤلادیمێر پوتین تا چەند هەوڵیداوە بە پشتبەستن بە ئۆلیگاریشییەکان، دەسەڵاتی پتەوتر و داهاتیشی زیاتر بکات.

لە خولی یەکەمی سەرۆک کۆماریی پوتیندا، نەوەی نوێی ئۆلیگاریشییەکان هاتنە گۆڕەپانی سیاسیی ڕوسیاوە و دەسەڵاتێکی ڕەهایان پێبەخشرا، زۆربەی لایەنگرانی پوتین، لە دەرەوەی وڵات ژیانێکی شاهانەیان هەیە و ملیۆنان دۆلار بۆ ڤێلای تایبەت و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و میوانییەکانیان خەرجدەکەن.

هەرچەندە سەروەت و سامانیان بە ڕوونی دیارە، بەڵام هەموو چالاکییە ئابورییەکانیان شاراوەیە و نازانرێت ساڵانە تا چەند سامانیان زیاددەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ لە ساڵی 2019، 30 ملیار و 613 ملیۆن دۆلار بۆ سامانی سەرمایەدارەکانی ڕوسیا زیادبووە، لە 500 سەرمایەداری جیهان، 23 کەسیان ڕوسین.

“ڤلادیمێر پۆتانین” یەکێک لە خاوەنە سەرەکییەکانی “نۆریلسک نیکڵ” پلەی یەکەمی هەیە و خاوەنی 24 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، پلەی دووەم لەدەست “لیۆنید میکڵسۆن”دایە، کە 23 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار سامانی هەیە. “ڤلادیمێر لیسین” خاوەنی 20 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە. پلەی چوارەم “ئەلێکسی مۆرداشۆڤ” داگیریکردووە بە 18 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

پلەكانی پێنجەم و شەشەم لەژێر ڕکێفی “ڤاگیت ئەلکپرۆڤ” و “گۆنادی تێمچەنکۆ”یە، کە بە هەردووکیان خاوەنی زیاتر لە 36 ملیار دۆلارن. ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ، خاوەنی یانەی چێڵسی، زیاتر لە 15 ملیار دۆلار سامانی هەیە.

یەكێتیی ئەوروپا، میخائیل فرێدمەن و پتریۆن، لەگەڵ دەیان ئۆلیگاریشی تری خستە نێو لیستی ڕەشی سزاکانیەوە. یەكێتییەكە پێیوایە، ئۆلیگاریشییەکانی ڕوسیا بەهۆی سامانەکانیانەوە هاوکاریی پوتین دەکەن و ئاگری جەنگەکە خۆشدەکەن.

لێکۆڵەرانی سیاسی لەو باوەڕەدان ڕۆڵی ئۆلیگاریشییەکان لە جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیا ناکرێت لەبەرچاونەگیرێت و دەڵێن، پوتین لە چەند ساڵی حوکمڕانیدا هەوڵیداوە کەشێکی لەبار بۆ ئۆلیگاریشییەکان فەراهەم بکات، تا بتوانن سامانەکەیان زیادبکەن، دیارە ئێستا سەرەی سەرمایەدارە ڕوسەکانە وەڵامی چاکەکانی پوتین بدەنەوە و لەم جەنگەدا پشتی بەرنەدەن و بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی بکەن.

بابەتی پێشتر

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: تائێستا هه‌زاران كه‌س مووچه‌ی خانه‌نشینی به‌ نایاسایی وه‌رده‌گرن

بابەتی دواتر

ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ سوارێز: یانەیەک بۆخۆت بدۆزەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share