نەتەوەیەكگرتووەكان داوای ئازادكردنی چالاكوانێكی سعودی دەكات

كۆبوونەوەی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان

نەتەوەیەكگرتووەكان داوای ئازادكردنی چالاكوانێكی سعودیی بەرگریكار لە مافەكانی مرۆڤ دەكات، ئەمەش بە چەند كاتژمێرێك پاش دەرچوونی بڕیارێكی دادگای ئەو وڵاتە بە بەندكردنی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و هەشت مانگ.

نوسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە 28ی كانونی یەكەم داوایكرد لجین هزلول، چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارێتی ڕیازەوە ئازادبكرێت.

نوسینگەكە لە تویتێكدا بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای ئەو وڵاتەی سەبارەت بە سزای زیندانیكردنی ئەو چالاكوانە، كە ماوەی دوو ساڵ و نیوە بە كرداریی دەستبەسەركراوە، بە “مایەی نیگەرانی زۆر” ناوبرد و داواشیكرد پێشوەختە و بەپەلە ئازادبكرێت.

لجین هزلول (31 ساڵ) لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن دەسەڵاتدارێتی سعودییەوە لەگەڵ لانیكەم 12 چالاكوانی دیكەی بەرگریكار لە مافەكانی مرۆڤ دەستگیركراون.

چالاكوانەكە پێشتر چەندین جار ناڕەزایی خۆی نیشاندا لەسەر ڕێگری لە شۆفێریكردن لەلایەن ژنانەوە لە وڵاتەكەیدا و داوای ئەوەیكرد سیستمی پیاوسالاری و دەسەڵاتی بەسەر ژنانەوە كۆتایی پێبهێنرێت.

لەسەر ئەو كارانەشی ئەمڕۆ دادگای تاوان لە ڕیاز سزایدا پاش ئیدانەكردنی بە تۆمەتی بە هاندان بۆ گۆڕینی ڕژێم و خزمەتكردن بە لایەنە دەرەكییەكان، وەك ئەوەی لە میدیاكانی ئەو وڵاتەدا هاتووە.

لە تشرینی دووەمی ڕابردوو ڕۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاشكرایكرد كە هزلول و چالاكوانانی دیكەی دۆسیەی مافەكانی ژنان لە بەندینخانەكانی سعودییەدا ڕوبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجەدان بوونەتەوە.

ڕۆژنامەكە ئاشكرایكرد، 309 سیاسی ڕوبەڕووی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بونەتەوە لەوەتەی محەمەد بن سەلمان بووەتە شازادەی جێنشینی سعودییە لە ساڵی 2017ەوە.

دامەزراوەی گرانت لیبرتی خێرخوازی بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە ئامادەكاری ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكەیە، دەشڵێت، خەڵكانێك ڕوبەڕووی مردن بونەتەوە بەهۆی تاوانێك كە ئەوكاتەی لە تەمەنی 9 ساڵیدا بوون ئەنجامیانداوە.

ڕونیشیكردوەتەوە، شەش كەس لەو 27 بەندكراوە سیاسییەی كە پێشتر چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان بوون ڕوبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە.

لای خۆیەوە خوشكێكی لجین هزلول، دەڵێت خوشكەكە لە بەندینخانەدا ڕوبەڕووی ئەشكەنجە و دەستدرێژی سێكسی بووەتەوە.

لینا هزلول، خوشكی بچوكی لجین وتی، “خوشكەكەی لە بەندینخانەیەكی ئابلوقەدراو بە پاسەواندایە”.

لای خۆیانەوە ڕێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایانكرد كە لجین ناچار بە چەندین ئەشكەنجە كراوە لەوانە لێدانی كارەبا و جەڵد و گێچەڵی سێكسی.

بابەتی پێشتر

توركیا.. دەیان كۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە ڕزگاركران

بابەتی دواتر

ئێران: بەمزووانە بە سەختیی تۆڵەی سلێمانی دەكەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share