ئاگر لە چیای ئەزمەڕ لە سلێمانی كەوتەوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیدان و بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بەهۆی بوونی رەشەباوە بە “مەترسیدار” ناویدەبات.
بەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بەشێكی چیای ئەزمەڕ كەوتەوە. دوای رووداوەكە سێ تیمی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گەیشتنە شوێنەكە و دەستیان بە هەوڵەكانی كوژاندنەوە و كۆنتڕۆڵكردنی كرد.
هاوكات تیمەكانی دارستان و پاوان و پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەكە و هاوشانی تیمەكانی بەرگریی شارستانی كار لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی دەكەن.
هاوكار جەلال، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەر ئەمڕۆ رەشەبا لە سلێمانی هەیە، ئاگرەكە مەترسیدارە و ئەگەری تەشەنەسەندنی هەیە.
وتیشی، “هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ بەزوویی كۆنتڕۆڵكردنی و رێگریكردن لە تەشەنەسەندنی”.