هۆشداری لە ڕاگرتنی پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای كەلار-دەربەندیخان دەدرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان هۆشداری دەدات لەوەی، بەهۆی خەرجنەكردنی پێشینەی بەڵێندەران، كاكردن لە پرۆژەی بە دووساید كردنی ڕێگای كەلار-دەربەندیخان ڕادەوەستێت.

عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بە شێوەیەكی گشتی لە ئەمساڵدا تا ئێستا هیچ شایستەیەكی دارایی بۆ بەڵێندەرانی پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای كەلار-دەربەندیخان، خەرج نەكراوە و پارەشی بۆ تەرخان نەكراوە، ئەوەش ڕەشبینی لای بەڵێندەران دروستكردووە”.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، “ساڵی ڕابردوو نزیكەی هەشت مانگ پێشینە بۆ بەڵێندەران خەرج نەكرا، ئەوە ئەمساڵێش ئەوە پێنج مانگە خەرج نەكراوە، ئەوەش وای كردووە بەو پلانەی ئێمە داماننابوو كارەكانی پرۆژەكە نەڕۆن”.

هۆشداریشیدا لەوەی، “كارەكان تەواو سست بوون، كاركردن لە پرۆژەكە لە ڕاگرتنی تەواوەتیدایە”.

تا ئێستا لە دووسایدكردنی ڕێگای كەلار-دەربەندیخان 53%ی تەواو بووە

عەدنان خەلیل ئاماژەی بەوەشكرد، “كاتێك پێشینە هەبوو، 500 بۆ 600 ئامێر لەسەر پرۆژەكە بوون، ئێستا ئەو ئامێرانە ژمارەیان ناگاتە 60 بۆ 70 ئامێر”.

باسی لەوەشكرد، ئەوان بۆ ئەمساڵ داوای بودجەی 70 ملیار دیناریان كردووە بۆ پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای كەلار-دەربەندیخان، بەڵام بۆیان تەرخان نەكراوە.

ئەگەر ئەو بودجەیە بەردەست بوایە، 95%ی پرۆژەكە تەواو دەبوو، وەك بەڕێوبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ئاماژەی پێكرد.

لەڕێی تۆڕی میدیایی ئێستاشەوە داوای كرد، “حكومەت پارە بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان بكات، بۆ ئەوەی بەهۆی خراپبوونی ڕێگاكەوە كارەساتی دڵتەزێن ڕوونەدات”.

تەنها كاركردن لە پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای نێوان كەلار-دەربەندیخان مەترسیی ڕاگرتنی لەسەر نییە، بەڵكو پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای نێوان كفری-كەلاریش بەهۆی خەرجنەكردنی پێشینە بۆ بەڵێندەران مەترسیی ڕاوەستانی هەیە.

بابەتی پێشتر

ئینتەرمیلان 1-0 هیلاس ڤیرۆنا

بابەتی دواتر

کازمی: لەسەر ڕوداوی نەخۆشخانەکە دەستمان کردووە بە دیاریکردنی کەمتەرخەمەکان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كاركردن لە رێگای مەرگ راگیرا

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، “بەهۆی تەرخاننەكردنی پارەوە كاركردن لە رێگای مەرگ، كەلار- دەربەندیخان بە تەواوی ڕاگیراوە..…
Total
0
Share