دەزگای لوتكە: كۆچكردن لە زیادبووندایە

ڕێكخراوێكی بواری كۆچبەران دەڵێت، سەرەڕای مەترسیی ڕێگاكانی كۆچ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كۆچكردنی هاوڵاتییان بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو لە زیادبووندایە.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، سەرەڕای بوونی مەترسییەکی زۆری ڕێگاکانی کۆچی نایاسایی و بیستنی نوقمبوونی دەیەها یەخت، بەڵام هاوڵاتیان هەر سوورن لەسەر کۆچکردن و پەنابردنەبەر وڵاتێکی دیکە بۆ گوزەرانێکی باشتر.

دەشڵێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی کۆچکردنی هاوڵاتییان لە زیادبووندایە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 18 هەزار كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست پەڕیونەتەوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە و دەڵێت، بێگوێدانە مەترسییەکانی شەپۆلە بەهێزەکانی دەریاکان و تەواوی ڕێگا ترسناکەکان.

دەزگاكە ڕوونیشیدەكاتەوە، کۆچکردنی هاوڵاتییانی عێراقی لە کۆتایی مانگی تەمموز و سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە بە ڕێژەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادیکردووە و بەردەوام لە زیادبووندایە.

ئاماژەشدەدات، دوای تۆببارانكردنەكانی سوپای توركیا و ئاساییبوونەوەی مامەڵەی ڤیزای ئەو وڵاتە، كۆچكردن بە ڕێژەی 35% بۆ 40% زیادیكردووە، كە لە دوای ساڵی 2020ەوە بەمشێوەیە زیادینەكردووە.

ڕێكخراوەكە هۆكاری كۆچی نایاسایی بۆ خراپی باری گوزەران، بێكاری، نەبوونی سەقامگیری، ئاستەنگەكانی كۆچی ئاسایی و فریودانی گەنجان دەگەڕێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

"جووڵەی هێزی كۆماندۆ بە فەرمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بووە"

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: سەرۆكی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت بەڵێنی چارەسەری داگیركردنی زەوییان داوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share