ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بڕیاریدا كە ریكلامی سەر شۆستە و شەقامەكان بە شێوازێكی یاسایی رێكبخاتەوە و رێنمایی پێویستی بۆ دابنرێت لە رووی زمانەوانیی، دابونەریتی كۆمەڵایەتییەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانيی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا كە جگەلە پەسەندكردنی حەوت بڕیار رێكارە یاسایی و هونەرییەكانی بڕیبوو، بڕیار لەسەر چەندین داواكاریی و مامەڵەی هاوڵاتییان دران.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بابەتی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵان و نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز و قوربانیكردن لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە پێی داب و نەریتی ئایینی ئیسلام، لە پێناو پاراستن و سەلامەتیی هاوڵاتیيان، ئەنجومەنی شارەوانیی بڕیاریدا كە پێویستە لەسەر بڕینخانەكان و لە ژێر ڕێنمایی پزیشكیی ڤێتێرنەریی دا بە خۆپارێزییەكی تەواوەوە كاری سەربڕین و قوربانیی بكرێت.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بابەتی ریكلامی سەر شۆستە و شەقامەكان و راگەیاندنەكان كە بە شێوازێكی یاسایی ڕێكبخرێنەوە و رێنمایی پێویستی بۆ دابنرێت بە تایبەت لە رووی ( زمانەوانیی، دابونەریتی كۆمەڵایەتییەوە هەروەها پاراستنی بەرهەم و كاڵای ناوخۆیی كە لە ریكلامەكاندا زیاتر كاری تێدا بكرێت.