بەهۆی سیفەتی بۆماوەیی دەگمەنەوە ژنێک هەست بە هیچ ئازارێک ناکات

توێژینەوەیەکی پزیشکی باس لەوە دەکات کە ژنێکی خەڵکی سکۆتلەندی بەهۆی جۆرێک لە خەسڵەتی بۆماوەییەوە هەست بە ئازار، ترس و دڵەڕاوکێ ناکات، ئەمەش دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ پەرەپێدانی دەرمانی ئازارشکێنی کاریگەرتر لە داهاتوودا.

جۆ کامیرۆن یەکێکە لەو دوو کەسەی کە لە هەموو جیهاندا دەگمەنن و هەڵگری بۆهێڵێکی ناوازەن کە توانای ئەوەی پێدەدات بەبێ دڵەڕاوکێ و ترس و ئازاری جەستەیی بژی .

زانایان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی کامیرۆن بە هیوای ئاشکراکردنی میکانیزمەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەگمەنە و ئەگەری هیوایەک بۆ دروستکردنی ئازارشکێنە باشتر و بەهێزترەکان.

پرۆفیسۆر جەیمس کۆکس، لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن دەڵێت، دۆزینەوەی رەگی بۆماوەیی هاپلۆتایپی، کامیرۆن ساتێکی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، دۆزینەوەکانی ئێستا دەبێتە بەردێکی بنەمای هەنگاو بەرەو لێکۆڵینەوەی زیاتر.

کۆکس لە توێژینەوەکەدا زیادیکردووە، “بە وردی تێگەیشتن لەوەی لەسەر ئاستی گەردیلەیی چی روودەدات، دەتوانین دەست بکەین بە تێگەیشتن لە بایۆلۆجیای پەیوەندیدار، ئەمەش ئەگەرەکان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو دەرمانانەی کە دەتوانن کاریگەری ئەرێنی دوور مەودایان هەبێت بۆ نەخۆشەکان”.

کامیرۆنی تەمەن 74 ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی جیم لە شاری وایتبریج دەژی و دوای نەشتەرگەری بۆ شان و دەستی، پزیشکەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هیچ ئازارێکی نەبووە، ئەمەش وەڵامێکی نائاساییە بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە پزیشکییانە.

سەرەڕای ئەوەی کە کامیرۆن تووشی تێکچوونی توندی جومگەی شان بووە، بەڵام بەپێی پێگەی هەواڵی زانستی Studyfinds، کامیرۆن هەستی بە هیچ ئازارێک نەکردووە.

کامیرۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆزینەوەکەی کاتێک بووە کە تیمێکی زانکۆی کۆلێژی لەندەن لە ساڵی 2013 جۆرێکی بۆماوەیییان دەستنیشانکردووە بەناوی FAAH-OUT، کە دەردانی سروشتی ناچالاک دەکات و کاریگەری لەسەر رێڕەوی گەردیلەیی دیکە هەیە کە پەیوەندییان بە چاکبوونەوەی برین و دۆخی دەروونی کەسەکە هەیە .

سەبارەت بە گرنگی کەیسی کامیرۆن، نووسەری باڵای توێژینەوەکە، دکتۆر ئەندرێی ئۆکۆرۆکۆڤ، وتی، “جینی FAAH-OUT تەنها شارێکی بچووکە لەسەر کیشوەرێکی فراوان و ئەم توێژینەوەیە دەستیکردووە بە نەخشەکێشانی، وەک زاناکان ئەوە ئەرکی ئێمەیە بۆ لێکۆڵینەوە، من باوەڕم وایە ئەم دۆزینەوانە کاریگەریی گرنگیان دەبێت، لەسەر بوارەکانی لێکۆڵینەوە وەک چاکبوونەوەی برین، خەمۆکی و زۆر شتی تر”.

ئەم حاڵەتە پزیشکییە کە بە ئازارشکێنی زگماکی ناسراوە، دەتوانێت مەترسیدار بێت، چونکە ئازار وەک ئاماژەیەکی ئاگادارکردنەوە کاردەکات.

بەڵام پزیشکەکان دەڵێن، کامیرۆن زووتر چاک دەبێتەوە بەراورد بە کەسی ئاسایی، هەروەها پێکهاتە بۆماوەییە دەگمەنەکەی وا دەکات کەمتر دڵەڕاوکێی هەبێت و تاڕادەیەک لەبیری بکات.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە و رێکخستنەوەی دارایی گشتی تاوتوێ دەکات

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژە بودجەی خزمەتگوزارییەکانی 2023 ی رەتکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share