رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئامارەکانی لەسێدارەدان لە جیهاندا روو لە بەرزبوونەوەیە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، ئامارەکانی لەسێدارەدان لە وڵاتانی جیهان رووی لەبەرزبوونەوە کردووە، تەنها لە ساڵی رابردوودا 900 کەس لە 20 وڵاتی جیهان لەسێدارەدراون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، “لەساڵی 2017 ەوە ئاستی لەسێدارەدان لە جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی، تەنها لە ساڵی رابردوودا 900 کەس لە 20 وڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەرزبوونەوەی رێژەی لەسێدارەدان پەیوەندی بە تۆمارکردنی ئەو رێژە بەرزەی سزای لەسێدارەدانەوە هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا”.

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “رێژەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران %83 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی رابردوودا 576 کەسی لەسێدارەداوە لەکاتێکدا لە ساڵانی رابردووتردا ژمارەکە تەنها 314 کەس بووە، هاوکات لە سعودیەش ژمارەی سزای لەسێدارەدان بۆ سێ هێندە بەرزبووەتەوە، لە ساڵی 2021 تەنها 65 کەس لەسێدارەدراون بەڵام لە 2022 دا بۆ 196 کەس بەرزبووەتەوە”.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدان بەڵام هەر لە ساڵی رابردوودا شەش دەوڵەت بە شێوەیەکی تەواوەتی سزای لەسێدارەدانیان لە وڵاتەکانیان راگرتووە، وەک لە راپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

عێراق هێڵێكی شەمەندەفەر و رێگای خێرا بە 17 ملیار دۆلار رادەكێشێت

بابەتی دواتر

شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق گەیشتە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share