مێشك تێكدەدات.. دوو كاربەدەستی تری ئەمریكا تووشی هاڤانا سیندرەم بوون

Digital body with highlighted headache

نەخۆشییەك كە ماوەی پێنج ساڵە سەریهەڵداوە و كوبا و ڕوسیا بە دروستكردنی تۆمەتباردەكرێن، دوو كاربەدەستی تری ئەمریكای تووشكرد.

ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە چاپی ئەمڕۆیدا ئاشكرایكرد، دوو كاربەدەستی ئەمریكا لە ئەڵمانیا، دووچاری سیندرەمی هاڤانا بوونەتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، نیشانە و كاریگەرییەكانی نەخۆشییەكە لەسەر دوو توشبووەكە دەركەوتوون و هەمان ئەو نیشانانەن كە ساڵی ڕابردوو لەسەر ژمارەیەك دیپلۆماتكار و كاربەدەستی ئەمریكا لە ڤیەننا دەركەوتبوون.

هاڤانا سیندرەم چییە و كەی سەریهەڵدا و چی لە مێشك دەكات؟

ساڵی 2016، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، هەواڵی توشبوونی ژمارەیەك كاربەدەست و دیپلۆماتكاری وڵاتەكەی و چەند كەنەدییەكی لە كوبا بە نەخۆشییەكی “نامۆ و تەمومژاوی” ڕاگەیاند، خێرا لەڕووی تەندروستییەوە ناوی “هاڤانا سیندرەم”ی لێنرا و هاوكاتی لێكۆڵینەوەكردن لێی، پەنجەكانی تۆمەتباركردن بۆ كوبا ڕاكێشران.

ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، مێشكیان تێكدەچێت. تا ئێستا پیاوانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكارانی ئەو وڵاتە لە كوبا، چین، ڕوسیا، ئەڵمانیا و نەمسا دووچاری بوون و دەركەوتووە كە توشبووان دەكەونە دۆخێكی دەروونی و جستەیی شێواوەوە، ئەوەش بەهۆی كاركردنی نەخۆشییەكە لەسەر تێكدانی مێشكیان.

توشبووان، لە ماوەیەكی كورتدا هەست بە گێژبوون و گرفت لە مێشك و دەماردا دەكەن، هەستی بیستن لەدەستدەدەن، بۆیە زانایان لەو نیشانانە سەریانسوڕماوە و شەو و ڕۆژیان خستوونەتەسەر یەك، بۆ ئاشكراكردنی شێوازی كاركردنی نەخۆشییەكە.

ئەنجامی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان دەڵێن، “ئەم نەخۆشییە ڕاستەوخۆ مێشك بەئامانج دەگرێت”. ساڵی 2019 گۆڤاری “جاما”ی زانستی گەیشت بەو ئەنجامەی كە ئەو كەسانەی تووشی سیندرەمی هاڤانا بوون، قەبارەی ماددە سپییەكەی مێشكیان بچووكتر دەركەوتووە بەراورد بە كەسانی ئاسایی، ئەو ماددەیەش بەرپرسە لە خێرایی كاركردنی مێشك و گواستنەوەی فەرمانە دەمارییە كارەباییەكان لە مێشكدا.

سەرچاوەكانی هەواڵ و ناوەندە پزیشكی و زانستییەكانی ئەمریكا دەڵێن، “تا ئێستا بە وردیی نازانین ئەو نەخۆشییە چۆن دروستبووە و سەریهەڵداوە و بە چ شێوازێك كەسەكان تووشدەكات”. بەڵام كاربەدەستانی ئەمریكا پێیانوایە كەسانی بەئامانجیگراو، لەڕێگەی هێرشی ڕێكخراوەوە دووچاری نەخۆشییەكە دەكرێن، ئەوەش بەبەكارهێنانی شەپۆلی ڕادیۆیی و ئاراستەكردنی بۆ مێشكی كەسەكان.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرایكردووە، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 130 ڕاپۆرت لەكەسانێكەوە كە دیپلۆماتكار و سیاسەتوان و كاربەدەستی هەواڵگریی ئەمریكان، گەیشتوون بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و توشبوونیان بەو نەخۆشییە دووپاتكردووەتەوە. ئەو كەسانە باسیان لەوە كردووە كە تووشی گێژبوون و سەرئێشەی توند بوون و هەست بە ماندوویەتی زۆر دەكەن.

بەدرێژایی ساڵانی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، ئەمریكا كاربەدەستانی كوبای بە دروستكردنی تۆمەتباركردووە، لێرەو لەوێش باس لە تێوەگلانی ڕوسیا لە بابەتەكەوە دەكرێت.

بەگوێرەی بەڵگەنامە هەواڵگری و مێژووییەكان، لە 100 ساڵی ڕابردوودا دەزگاكانی هەواڵگریی ئەمریكا و ڕوسیا، رۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدان و تەنانەت دروستكردنی چەندین جۆر نەخۆشیی دەماری و دەروونیدا، سەرباری پەتا و نەخۆشیی جەستەیی، كە لەڕێگەی كیمیایی و بایۆلۆژییەوە بڵاودەكرێنەوە.

بابەتی پێشتر

ئەفغانستان.. دەستپێكی ماوەی دووەمی دەسەڵاتی تاڵیبان

بابەتی دواتر

 ناسا کاتی بەرکەوتنی هەسارۆچکەیەک بە زەوی ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share