یەكی ئایار، بە رۆژی كرێكاران دەستنیشانكراوە و لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە یادی ئەم بۆنەیە دەكرێتەوە.
لە 130 وڵاتدا یادی رۆژی كرێكاران دەكرێتەوە و نزیكەی 90 وڵاتی جیهان، رۆژی یەكی ئایاریان بە پشووی فەرمی راگەیاندووە و لەم رۆژەدا كرێكار و كارگەران كارناكەن و لە چەندین وڵاتیش، چالاكیی جۆراوجۆر بۆ داواكردنی مافی كرێكاران و باشتركردنی ژیانیان رێكدەخرێن.
مێژووی بۆنەكە
رۆژی یەكی ئایاری ساڵی 1886 كرێكارانی ویلایەتی شیكاگۆ لە ئەمریكا و تۆرنتۆی كەنەدا مانگرتنیان راگەیاند و لە خۆپیشاندانی فراواندا داوایانكرد كاتەكانی كاركردن بۆ هەشت كاتژمێری رۆژانە كەمبكرێنەوە، لەو رۆژەدا نزیكەی 400 هەزار كرێكار مانیانگرت و بەوەش جووڵەی ئابوری لە ویلایەتی شیكاگۆی ئەمریكا پەكیكەوت.
مانگرتن و خۆپیشاندانەكەی شیكاگۆ توندوتیژیی تێكەوت، بە تەقەی پۆلیس ژمارەیەك كرێكار كوژران و پاشان كەسێكی نەناسراو بۆمبێكی هەڵدایە ناو كۆمەڵێك كارمەندی پۆلیسەوە و 11 كەس كوژران كە حەوتیان كارمەندی پۆلیس بوون، لە كاردانەوەی ئەو رووداوەدا دەسەڵاتداران چوار لە رێبەرانی خۆپیشاندانەكەیان لەسێدارەدا. دواتر دەركەوت ئەو كەسەی بە بۆمب پۆلیسەكانی پێكابوو، كارمەندێكی پۆلیس بووە و ئامانج لە كارەكەی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی كرێكاران بووە.
ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنەی كرێكاران، سەرهەڵدانی بزاوتێكی كرێكاریی بەدوای خۆیدا هێنا و شەپۆلەكەی گەیشتە ئەوروپا، ساڵانی دواتر و لە ئەنجامی ئەو زنجیرە چالاكییەی بۆ داواكردنی مافی كرێكاران رێكخران، رۆژی یەكی ئایار بە شێوەیەكی فەرمی تایبەت كرا بە كرێكاران و هاوشێوەی جەژنێك بۆ كرێكاران لە جیهاندا یاددەكرێتەوە.