بەریتانیا و ئەوروپا لەبارەی پەیوەندی نێوانیان ڕێککەوتن

بەریتانیا و ئەوروپا هەریەکێکیان لای خۆیانەوە ڕێککەوتنیان لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ڕاگەیاند و بەریتانیا ڕێککەوتنەکەی بە هەواڵێکی خۆش ناوهێنا بۆ هاوڵاتییەکانی.

بوریس جۆنسون، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئێوارەی ئەمڕۆ 24 ی کانونی یەکەم، ڕایگەیاند، “ئەوەی بەڵێنەی کە ساڵی 2016 دا بە بەریتانییەکان درا لە دوای ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە ئەوروپا ئێستا هاتە دی”.

جۆنسون ڕاشیگەیاند، “لەگەڵ ئەوروپا لەبارەی بەهای درا و یاساکانی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی شمەک گەیشتینە ڕێککەوتن”.

ئورسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر هەمان پرس ڕایگەیاند، “لە ڕێککەوتنەکەدا لەگەڵ بەریتانیا ڕێزی تەواو بۆ یاسا بنەڕەتییەکانی ئەوروپا دانراوە و لە ئایندەدا لایەنە ئەرێنییەکانی ڕێککەوتنەکە دەبینرێت”.

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕاشیگەیاند، “لەگەڵ بەریتانیا هەماهەنگی تەواو دەبێت لەسەر گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و شێوازی گواستنەوەی شمەک و لایەنی ئەمنی هەردوولا.

ڤۆندێرلاین بەریتانیای بە دۆستێکی دێرین و هەمیشەیی ناوهێنا و ئامادەی یەکێتی ئەوروپای بۆ هاوکاری ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

لە ساڵی 2016  وە بەریتانییەکان ڕیفراندۆمیان بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپاکرد و زۆرینەی دەنگیان بە جیابوونەوەدا، دوای چوار ساڵ لەو دەنگدانە ئەمڕۆ هەماهەنگی نێوان هەردولا بە ڕێککەوتنێک ڕاگەیەنرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share