سەركردایەتییەكی یەكێتی: هەژموون بەسەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەرێمی كردووەتە نموونەیەكی ناشرین

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەژموونگەرایی پارتی بەسەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە وایکردووە هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی ناشرینی حوکمڕانی.

میقداد شێخ بەھادین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، لەهەر شوێنێكی دونیادا كاتێك پایە گرنگەكانی دەوڵەت (تەشریعی، تەنفیزی و قەزایی) بە ئەركی خۆیان هەستان و لە ئاستی بەرپرسیارێتی و پێگەكانیاندا مامەڵەیان كرد بێگومان ئەو وڵات و حكومەتە لەسەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆیەتی و بـــەرەو كەناری ئارام و داهاتوویەكی گەش هەنگاو دەنێــــت، بەڵام ئەگەر تەنها یەكێك لەو پایە گرنگانەی حـوكم خرایە خزمەتی شەخس و گروپێكی دیاریكراوەوە و دەستێوەردانی نایاسایی و نابەجێ لە كارەكانیدا كرا ئەوا مەترسی بۆ سەر كۆی پرۆسەی بەڕێوەبـــــردن و ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە دروستدەكات.

دەشڵێت، “مخابن لەم هەرێمە بچووكەی ئێمەدا، هەموو دەسەڵات و جومگە و پێگەكان لەلایەن حیزبێكی سیاسیی كورتبین و بێباكەوە خراوەتە خزمەتی چەند شەخـسێكی دیاریكراوەوە، كە بەمیزاجی شەخسی و بەبێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و موعانات و داهاتووی میللەتێك هەر رۆژە و یەكێـــــــك لە دامەزراوە و پێگەحكومییەكانی ئەم هەرێمە، كە بەخوێن و فرمێـــسك بەرهەم هاتووە ئەتك دەكەن”.

نمونەی ئەوەش دەهێنێتەوە، لە سەردەمی شەڕی نەگریسی ناوخۆ كاتێك سەرۆكــی شەرعی حكومەتی ئەوكاتەی كوردستان هەڤاڵ (كاك كۆسرەت) بەبێ هیچ بەڵگەیەك تاوانبار دەكرا، تەنــها هۆكار ئەوەبوو كە دژی بەرژەوەندییەكانی پارتی بوو، دواتر و كاتێك رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لە دادگاكانی هەولێرەوە بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچوو تەنها تاوانی نەخـێر ووتن و نەچوونە ژێرباری داواكارییەكانی پارتی بوو، رژاندنی فرمێسـكی خێزان و منداڵی گیراوانی بادینان و سزادان و زیندانیكردنیان تەنها و تەنها ملكەچ نەكردن و هەڵبڕینی دەنگی ئازادبوو لەدژی ئەو حیزبە.

سەركردایەتییەكەی یەكێتی ئەوەشدەخاتەڕوو، “بڕیارەكانی ئێســــتای دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایـــشی هەولێریش كورد وتەنی یەكێكی تر لە دەستە گوڵەكانی پارتی و لە ئەنجامی تەنگەتاوبوونیانە بە دەرئەنجامـــی هەنگاوە بوێرانەكانی سەرۆك (بــافڵ جەلال تاڵەبانـی)، كە هیچ مەودایەكی بۆ موزایەدە و سیناریۆكانی پارتی و هاوئاوازە نوێیەكانی نەهێشتووەتەوە”.

ئاماژەشدەدات، ئەم جۆرە بڕیار و حوکمە قەرەقوشیانە جگە لەوەی هەیبەت و متمانە و میسداقیەتی دادگاكانیان لای خەڵك و لە مەحفەلی نێودەوڵەتیـــش نەهێشتووە، دەبێتە مایەی ناکۆکی و پەرتەوازەیــی زیاتری نێوان حیزبە سیاسییەکان و كەشی گفتوگۆ و هەوڵەكانی رێكخستنەوەی ماڵی كوردی بەگشتـــی و یەكێتی و پارتی ناسەقامگیر و ئاڵۆزتر دەكات و گرێی ناكۆكیەكانیش دەكات بەگرێ كوێرە، کە دواجار مەترسی لەسەر گیانی پێکەوەیی دروست دەکات و کۆمەڵگەکەشمان دەگەیەنێتە لێواری پەرتەوازەیی و سەرلێشێواویی و فەوزای سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی.

“ئەم هەژموونگەراییەی دەسەڵاتە حیزبیەکەی پایتەخت بەسەر دەسەڵاتی دادوەرییەوە وایکردووە هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی ناشرینــــی حوکمڕانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان، ئەمەش دەرئەنجامی سەپاندنی ئەقڵیەتی خێـــڵەکییە بەسەر کۆی جومگە و کایەکانی بەڕێوەبردندا” وەك ئەوەی میقداد شێخ بەھادین ئاماژەی پێدەكات و دەشڵێت، کاتێک بیری تەسک و مەزاجی شەخسی و ئـینکاری و کورتبینی سیاسی دەکرێتە بنەمای فیکر و فەلســەفەی بەڕێوەبەردنی وڵات هەر ئەم مۆدێلە نەشازەی لێ دێتە بەرهەم، کە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.

لە كۆتاییشدا دووپاتیدەكاتەوە، تەرازوویەکی یاسا، كە بە بیــــری ژەنگهەڵهاتوو و رق و كینەی سیاسی دروست کرابێت، ئەنجامی کێشانی دادپەروەرییەکەشی هەروا دەبێت و لەمە زیاتری لێ چاوەڕێ ناكرێت.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێك: سەبارەت بە نەوتی سپی هەرێم دەتوانێت چاوەڕێی عێراق نەكات

بابەتی دواتر

نوێترین هەنگاو لەبارەی سەقامگیركردنی نرخی دۆلار ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share