هۆڵەندا رایگەیاند ئەو مانگایەی بەمدواییە لە یەكێك لە كێڵگەكانیدا مردار بووەوە، تووشبوو بووە بە نەخۆشیی شێتی مانگا، لە حاڵەتێكی دەگمەنی نەخۆشییەكەدا كە دەشێت ببێتە نەخۆشییەكی مێشك و بكوژ بۆ ئەو كەسانەی گۆشتی مانگای تووشبوو دەخۆن.
بیت ئەدیما، وەزیری كشتوكاڵی هۆڵەندا لە نامەیەكدا بۆ پەرلەمانتارانی وڵاتەكەی رایگەیاند، ئەو كێڵگەیەی مانگاكەی تیادا مرداربووەتەوە داخراوە.
لەئێستادا دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە پشكنین بۆ ئەگەری تووشبوونی مانگاكانی دیكەی كێڵگەكە دەكەن.
نەخۆشییەكە بۆ یەكەمجار لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەنێو چوارپێكاندا لە بەریتانیا دەركەوت، بووەهۆی تووشبوونی سەدان كەس پاش خواردنی گۆشتە ژەهراوییەكە، ژمارەیەكی زۆریش گیانیان لەدەستدا.
دوایین حاڵەت كە لە هۆڵەندا ئاشكراكرا، ساڵی 2011 بوو.