وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، نزیکەی 47 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سەرتاسەری هەرێم دابەشکراوە و زیاتر لە 254 هەزار خێزانیش لێی سوودمەند بوون.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تاوەکو کانونی دووەمی ئەمساڵ بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكراوە.
ئامارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی دەریدەخات، 234 هەزار و 254 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سوودمەندبوون بەمشێوەیە، لە سنووری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 77 هەزار و 822 خێزان سوودمەند بوون، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوە و 94 هەزار و 144 خێزان سوودمەند بوون.
هەروەها لە پارێزگای دهۆک، 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەش كراوە و 62 هەزار 288 خێزان سوودمەندبوون.
جەختکراوەتەوە، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و بەم نزیكانە دابەش کردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت و دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەست پێدەکات.