گۆڕانی ئاووهەوا چی لە مێشكی منداڵان دەكات؟

توێژینەوەكان دووپاتیدەكەنەوە كە گۆڕانی ئاووهەوا كاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە، بەڵام بەپێی نوێترین توێژینەوە منداڵان هەندێك نیشانەیان تیادەركەوتووە كە ئاماژەیە بە كاریگەربوونیان بە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا.

بەپێی زانایان، منداڵان بەشێوەیەكی نائاسایی رووبەڕووی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا و پیسبوونی ژینگە بوونەتەوە، هۆكاری هەردووكیشیان تا رادەیەكی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ وزەی بەردین.

لەڕێی توێژینەوەیەك لەسەر ژنانی دووگیان و منداڵەكانیان، دەركەوتووە كە گۆڕانی ئاووهەوا و پیسبوونی هەوا هۆكارن بۆ زیانی گەورە بە تەندروستیی منداڵ و گەشەكردنی مێشكیان، تەنانەت لەكاتێكدا هێشتا لەنێو منداڵدان (رەحم)ی دایكیاندان، ئەمەش وای لە توێژەران كرد داوابكەن دۆخەكە لەژێر بەندی “باری لەناكاوی تەندروستیی گشتی” دابنرێت، بەتایبەت سەبارەت بەو منداڵانەی بەهۆی رەنگی پێستیانەوە یان داهاتی خێزانەكانیانەوە، زیاتر زەرەرمەندن.

فریدریكا فرێرا، مامۆستای تەندروستیی گشتی و توێژەر لە ناوەندی كۆڵۆمبیا بۆ تەندروستیی ژینگەی منداڵان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاند، گۆڕانی ئاووهەوا و پیسبوونی هەوا بەشێوەیەكی گەورە كاریگەری لەسەر گەشەی مێشك دروستدەكەن.

وتیشی، “توێژینەوەكان بەركەوتنیان بە پیسبوونی هەوا بەر لە لەدایكبوون و پاش لەدایكبوون بەستووەتەوە بە رێژەی زیرەكی و ئەودوای كێشە پەیوەندیدارەكان بە هەست، ناڕێكییەكانی پەیوەندیدار بە جوڵە و كەمی هۆشیاری و ئۆتیزم، دڵەڕاوكێ و خەمۆكی، تەنانەت گۆڕانكارییەكان لە شێوەی مێشكی منداڵان”.

توێژینەوەكان دەریانخستووە كە چۆن ئاوارەبوونی خێزانەكان بەهۆی ئاووهەوا بووەتەهۆی پەكخستنی فێربوون لای منداڵان، سەرەڕای كێشەكانی پەیوەست بە تەندروستیی مێشك وەك فشاری دەروونیی پاش شۆك، دڵەڕاوكێ و خەمۆكی لە منداڵاندا.

فرێرا دەڵێت، زۆرجار ئەم حاڵەتانە بەردەوام دەبن، ئەمەش كاریگەری لەسەر تەندروستی و ئەركەكانی مێشك لە قۆناغی پێگەیشتندا دروستدەكات. ئەمەش دەچێتە پاڵ لیستی ئەو زیانانەی لەسەر ئاستی بەرفراوان دانیپێدانراوە كە پەیوەندیدارن بە گۆڕانی ئاووهەوا و پیسبوونی هەوا وەك نەخۆشییەكانی پەیوەندیدار بە گەرما و نغرۆبوون، شۆكە جەستەییەكان بەهۆی گەردەلول و لافاوی بەهێز، لەدایكبوونی پێشوەختە، دابەزینی كێش لە لەدایكبووندا، رەبۆ و ئەودوای نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە. جگە لەوەی ماددە كیمیاییە ژەهراوییەكان و ئەو فشارانەی دایكی دووگیان تووشی دەبێت دەشێت بگوازرێتەوە بۆ كۆرپەلە و مێشكی.

ئەو توێژەرە دەڵێت، ئەوەی گرفتەكە گەورەتر دەكات ئەوەیە كە منداڵان هۆكارەكانی بەرگریی بایلۆجییان نییە، كە بەوپەڕی توانای خۆی لە پێگەیشتوواندا كاردەكات، وەك سیستمی ئەنزیمەكان.

فرێرا داواشیكرد، حكومەتەكان بەرپرسیارێتیی سەرەكی لەبارەی ئەو پرسەوە بگرنەبەر، پارێزگاری لە گەشەی بیری سەرجەم منداڵان و تەندروستیی مێشك و جەستەیان بكەن، بەجۆرێك كە ببێتەهۆی گەشەكردن و هاتنەدی ئەوپەڕی توانایان.

هەروەك داواشی لە هاوڵاتییان كرد ئەو سەركردانە هەڵببژێرن كە كاردەكەن لەپێناو دانانی چارەسەری یاسایی و سیاسیی سودبەخش بۆ منداڵان كە بە سوود بۆ هەمووان دەشكێتەوە، سەرەڕای گرتنەبەری بڕیاری زیرەكانە سەبارەت بە وزە و گەرمی لە ماڵاندا، گرنگیدان بە خواردنی زیاتری خۆراكی رووەكی و كەمكردنەوەی گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەكان.

بابەتی پێشتر

مامۆستا و فەرمانبەران گردبوونەوە و داوای گەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكەن

بابەتی دواتر

ژمارەیەك ئەفسەر و كارمەندی هاتوچۆی هەولێر دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share