بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە کە ژمارەی ئەو نەخۆشانە ئاشکرا دەکات لە مانگی ڕابردوودا سەردانی نەخۆشخانەی شاریان کردووە، 29 هەزار و 210 کەس سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و حەوت هەزار و 584 کەس داخڵکراون.
بەپێی ئامارەکەی تەندروستیی سلێمانی، لە مانگی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی شار 29 هەزار و 210 کەس سەردانیان کردووە و لەو ژمارەیە 22 هەزار و 572 کەسیان سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە.
ئاماژە بەوەکراوە، پێنج هەزار و 716 نەخۆش سەردانی (بەشی ئۆپی دی)یان كردووە و (۸٤۰)نەخۆش سەردانی بەشی گورچیلەی دەستكردیان كردووە.
لەو ماوەیەدا لە نەخۆشخانەی شار حەوت هەزار و 584 کەس داخڵکراون، دوو هەزار و 589 کەسیان لە بەشی فریاکەوتن بوون، 815 نەخۆشیان لە بەشی گورچیلەی دەستکرد بوون.
هەزار و 434 نەخۆشیان لە بەشی نەشتەرگەری بوون و هەزار و 550 نەخۆشیان لە بەشی هەناوی و 224 نەخۆشیان لە بەشی مێشک و دەمار و 60 کەس لە بەشی چاودێریی ورد و 192 نەخۆشیان لە بەشی سی سی یو بوون.
لە نەخۆشخانەی شار هەزار و 484 نەشتەرگەریی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، 130 نەشتەرگەریی قەستەرە و 62 نەشتەرگەریی شەبەکە و باڵۆن و 113 نەشتەرگەریی منداڵان ئەنجامدراون.
مانگی ڕابردوو لەنەخۆشخانەی شار75 هەزار و 782 شیكاری تاقیگەیی و دوو هەزار و 992 هێڵكاری دڵ كراوە، 10 هەزار و 378 تیشك و سێ هەزار و 636 سۆنەر و 421 ئیكۆ و هەزار و 64 چارەسەری سروشتی كراوە.