حەوت رێنمای بۆ رۆژووگرتنێکی تەندروست لە رەمەزاندا

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز ماڵپەڕی یو سی ئێڵ ئەی هێڵس چەند رێنماییەکی تایبەت بە رۆژووگرتنێکی تەندروستی لەو مانگەدا بڵاوکردەوە.

رێنماییەکە دەڵێت، “پێش ئەوەی رۆژوو بشکێنیت دڵنیابە لە خواردنی بڕێکی زۆر شلەمەنی بۆ ئەوەی لە وشکبوونەوە بەدووربیت، هاوکات ئاو باشترین سەرچاوەی شێدارییە، بەهەمان شێوە شەربەت و شیریش، بەڵام ئاگاداری ئەو خواردنەوانە بە کە بڕێکی زۆر شەکر و کالۆری تێدایە”.

لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت، “خورما یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە سەرئێشە و سەرچاوەیەکی سروشتی شەکرە، ئەمەش یارمەتی هاوسەنگی کەمبوونەوەی شەکری خوێن دەدات و وزەی زۆر پێویست بۆ جەستە دابین دەکات، کەمی شەکری خوێن لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە، خوارنی خورما پێش ژەمەکانت یارمەتیدەرە بۆ رێگریکردن لە سەرئێشە و بەرزکردنەوەی شەکری خوێن بۆ ئاستی گونجاو”.

لە رێنماییەکەدا هاتووە، “سەرەتا باشترە بە قاپێک شۆربا دەست بەخواردن بکەیت چونکە شۆربا هەمیشە هەڵبژاردەیەکی نایابە و هەمیشە جەستە بە شێداریی دەهێڵێتەوە و پڕە لە ڤیتامین و کانزاکان، دەبێت هەوڵبدەیت شۆربای دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکییەکان هەڵبژێریت و دووربکەویتەوە لەو شۆربایانەی کە کرێمیان تێدایە”.

بەپێی ئەو راپۆرتەی ماڵپەڕی یو سی ئێڵ ئەی هێڵس، “دەبێت رۆژانە زەڵاتە بخورێت چونکە ئەو سەوزانەی تێیدا بەکاردەهێندرێن پڕە لە ڤیتامین و کانزا و ریشاڵ، زەڵاتەی جۆراوجۆر هەمیشە تەندروستترە چونکە چەندین جۆری جیاوازی ماددەی خۆراکی تێدایە، بۆیە دوو ژەم زەڵاتە بە یاسایەکی رۆژانەی رۆژووگرتن دادەنرێت”.

دەشڵێت، “پێویستە لە کاتی رۆژوو شکاندندا کاربۆهیدراتی تەندروست هەڵبژێریت بۆ نمونە هەندێک بژاردەی باشی وەک برنجی قاوەیی، مەعکەرۆنی دانەوێڵەیی، نانی تەواو دانەوێڵە، پەتاتە و ساوەر لەگەڵ کاربۆهیدراتی ئاڵۆز کە سەرچاوەیەکی نایابی ریشاڵ و کانزاکانە”.

پڕۆتینی بێ چەوری بخۆ، راپۆرتەکە جەختلەوە دەکاتەوە، “لە کاتی رۆژوو شکاندندا خواردنی پرۆتینی بێ چەوری تەندروست زۆر گرنگە، پرۆتینی تەندروست و تەواو وەک گۆشتی مانگا، شیر، ماست، هێلکە، پەنیر، ماسی و پەلەوەر چەندین جۆری ترشی ئەمینی تێدایە و پێویستە بۆ جەستە”.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، “پێویستە خۆت بەدووربگریت لە ژەمە قورسەکان کە بڕێکی زۆر چەوری تێر و سۆدیۆم و شەکریان تێدایە، لەبری ئەوەی خواردنی سورکراوە ئامادەبکەیت، هەوڵبدە بیانبرژێنیت و لەبری بەکارهێنانی خوێ و شەکر  گیا و بەهارات بەکاربهێنە”.

سەبارەت بە خواردنی شیرینی دەڵێت، “پارچە میوەیەکی تەندروست بخۆ کە شەکری سروشتی تێدایە لەبری شیرینی یاخود کێک کە شەکری دەستکردی تێدایە”.

بابەتی پێشتر

ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی پیشەسازیی هەولێر کەوتووەتەوە

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم: ئەمڕۆ و سبەینێ باران دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share