نرخی مریشك زیاتر دابەزی

نرخی مریشكی زیندوو بۆ 1900 دینار دابەزی، كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت، لەكاتێكدا بەشێك لە ئاسایشی خۆراكیان پاراستووە، لە زەرەردان بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان بە دەنگیانەوە نایەن.

ئەمڕۆ نرخی مریشك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە بینی و كیلۆی بە نزیكەی 1900 دینار دەفرۆشرێت.

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەگەر پێنج ملیۆن كەس بین، ڕەنگە بەشی 40 ملیۆنمان مریشك هەبێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەم كەرتە زیاتر ڕێكبخاتەوە، نەك هەر بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراقی، ئەتوانین بۆ وڵاتانی دیكەشی هەناردە بكەین.

وتیشی، “بەداخەوە كیلۆیەك مریشك زیاتر لە سێ هەزار دینار لەسەر خۆمانە، شەوی ڕابردوو لە كێڵگەی پەلەوەردا فرۆشراوە بە 1900 دینار، ئەمە لێدانێكی كوشندەی لە خاوەن پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان داوە لە دهۆك و زاخۆوە تا كەلار و كفری”.

پێنجشەممەی ڕابردوو نوێنەری خاوەن پڕۆژەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵ، لەگەڵ ڕاوێژكاری ئەنجومەنی وەزیران، جێگری بەڕێوەبەری گومرگی هەرێم و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ كۆبوونەوە، وەك ئەوەی نازم عەبدوڵا ئاماژەی پێدا و وتی، “پێشنیاری ئەوەمان كرد حكومەت بەرهەمی مریشكی كێڵگەكان هەڵبگرنەوە و بیدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، نەخۆشخانە، هۆتێل و ڕێستۆرانتەكان، لەكاتی هەرزانیدا هەڵیبگرنەوە و لەكاتی گرانبوونیدا بیخەنە بازاڕەوە، سوودێكی دەبێت بۆ حكومەتی هەرێم ، هەروەها ئەو مریشكە بەستووەی لە وڵاتانی دەرەوە دەهێنرێت گومرگی بخرێتەسەر”.

ئەوەشی خستەڕوو، گلەیی و گازندەی خاوەن كێڵگەكان لەكاتی ئێستادا گرانیی عەلەفە، لەكاتێكدا ماددەكانی پێكهێنەری هەرزان بووە و خاوەن كارگەكانی عەلەف ئامادەنین لەسەر ئەوانی هەرزان بكەن، لەكاتێكدا تێچووی یەك كیلۆ مریشك 70%ی عەلەف دەیبات.

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان وتی، “لەكاتێكدا بەشێك لە ئاسایشی خۆراكمان پاراستووە، لە زەرەرداین بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان بە دەنگمانەوە نایەن و لێپێچینەوە لە خاوەن كارگەكان ناكەن”.

ئاشكراشیكرد، بەهۆی ئەو دۆخەوە خاوەن كێڵگەكان لەم ماوەیەدا زیاتر لە 15 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە.

بابەتی پێشتر

چێڵسی بەرگریکارێکی (40) ملیۆنی بە (75) کڕی

بابەتی دواتر

مەترسییەکانی چین؟<br>ئاوی کانزایی چۆن دەبێتە ئاوێکی تەندروست؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share