مەترسییەکانی چین؟
ئاوی کانزایی چۆن دەبێتە ئاوێکی تەندروست؟

ئاوی کانزایی کە لە بازاڕەکاندا بەشێوەی پەرداخ یان بوتڵی گەورە و بچووک دەفرۆشرێت، مشتومڕی زۆر و هەندێک جار گومان و دەنگۆ لەسەر ژەهراویبوون یان مەترسییان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەسەرە، پسپۆڕێکی خۆراکی وەڵامی پرسیارەکان لەوبارەیەوە دەداتەوە.

ئاوە کانزاییەکان لە کارگەکاندا بە هەمان پرۆسەی پاڵاوتندا تێدەپەڕێت کە بەپێی وتەی خاوەنی کارگەی ئاوی “ژیان” پرۆسەکە هیچ ناگۆڕێت و ستانداردی جیهانییە، بۆیە مەترسیی لەسەر چۆنێتیی بەرهەمهێنانی ئاوەکە نییە.

سامان حارس خاوەنی کارگەی ئاوی “ژیان” بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پرۆسەی پاڵاوتنی ئاو کردەیەکی ئۆتۆماتیکییە و دەستی کەسی تێدانییە، بۆیە مەترسی لەسەر پرۆسەکە نییە کە ئاوێکی خراپ بەرهەمبهێنێت، بەڵام ئەوەی مەترسی دروستدەکات سەرچاوەی ئاوەکەیە.

سامان حارس دەڵێت، “ئێمە وەک کارگەکانی ئاو زۆرینەمان پشت بە ئاوی بیر دەبەستین، هەندێکیش ئەو ئاوە بەکاردەهێنن کە دەدرێت بە ماڵان و کلۆری تێدایە، لەوکاتەدا دەبێت کلۆرەکە بپاڵێورێت”.

باسی لەوەشکرد، دەبێت ئاوی بیرەکان دڵنییان هەبێت، هەندێک کارگە ئەو بیرەی پشتیپێدەبەستن گەیشتووەتە گۆگرد، کە ماددەی مەترسیدارە و لە پاککژکردنەوەدا تێدەپەڕن بۆیە، ماوەیەک بەرلە ئێستا کارگەیەک ئاوەکەی لە بازاڕدا ئەو ماددانەی تێدابوو، مەترسیی زۆری لای خەڵک دروستکرد.

لەوبارەیەوە لەشکر حەمید پسپۆڕی خۆراکی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پرۆسەی فلتەرکردنی ئاوەکان کێشەی تەندروستیی بە کەمی تێدا دروسەدەبێت مەگەر ماددەکانی وەک کبریت و گۆگردی بەرزبێت و سەرچاوەی ئاوەکە پیس بێت”.

ئەو پسپۆڕە خۆراکییە بەسی لە کەمتەرخەمیی کارگەکان کرد لەو ماددە پلاستیکییەی بەکاریدەهێنن کە هۆکار و سەرچاوەن بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان، کە پەرداخ و بوتڵەکان بەپێی ستانداردەکان نین و تەنکتر دروستدەکرێن بۆئەوەی تێچوویان کەمتربێت.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پلاستیکانەی تەنکتر دروستدەکرێن زووتر شیدەبنەوە و کارلێک لەگەڵ ئاوەکەدا دەکەن و ماددەی ژەهراوییان لێدروست دەبێت کە بەکارهێنانیان دەبێتەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە یان نەخۆشییەکانی گورچیلە.

بەپێی ستانداردی عێراقی پلاستیکی هەر بوتڵ یان پەرداخێکی ئاوی کانزایی دەبێت 18 ملم ئەستوورییەکەی بێت بەڵام ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن لەنێوان 10 بۆ 12 ملم دا دروستدەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە لەشکرد حەمید باسی لەوەکرد، کە ماددەی بەکارهاتوو لە دروستکردنی پەرداخ و بوتڵی ئاودا ماددەی ڕیسایکلینیان تێدەکرێت کە دووبارە بەکارهێنانەوەیانە، ئەوەش شیبوونەوەی پلاستیکەکە خێراتردەکات وادەکات زووتر کالێک لەگەڵ ئاوەکەدا بکەن.

یەکێکی دیکە مەترسییەکان بەکارهێنانی پەرداخی ئاوەکانە بە گەرمی و بەبێ شتن، وەک لەشکر حەمید ئاماژەی پێدا، کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو ئەو پەرداخانەی بەکاریدەهێنن بەبێ ئەوەی بیشۆن کە ماددەی زۆری کیمیایی پێوەیە ڕاستەوخۆ بەکاریدەهێنن و ئاوی تێدەکەن.

سەرەڕای ئەوەش، دانانیان لە پلەی گەرمیی سەروو 25 پلەی سەدی و بەتایبەتی لەبەر تیشکی خۆر دەبێتەهۆی دروستبوونی مەترسیی کیمیایی و بایۆلۆجی بۆ ئاوەکە، لەشکر حەمید وای وت.

لەڕووی خۆراکییەوە بەپێی ئەو پسپۆڕە خۆراکییە، ئاو لەنێوان 250 بۆ 300 لە خوێیە کانزاییەکانی تێدابێت، لەکاتێکدا ئاوە کانزاییەکان ڕێژەی خوێ تێیاندا بۆ 100 کەمدەکرێتەوە، جەختیکردەوە، کە لە جیهاندا ئێستا ئاوی ئاسایی بەکاردەهێنرێت و کەمتر ئاوە کانزاییەکان بەکاردەهێنرێن ئەوەش بەهۆی ئەوەی کەمی خوێ نیشاندەری کەمیی کانزاکانی ناو ئاوەکەیە، تەنها بۆ کەسانی نەخۆس یان ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە ئاوی کانزایی بەکاردەهێنرێت.

بابەتی پێشتر

نرخی مریشك زیاتر دابەزی

بابەتی دواتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی چاڤی پێش یارییەكەی بەلەد وەلید

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share