پارێزگاری سلێمانی هۆکاری نەمانی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی بۆ گەڕانەوەی 40 کەرتی داهات و دەسەڵات بۆ هەولێر دەگەڕێنێتەوە، ڕایگەیاند، ئەو 40 دەسەڵات و داهاتەم بۆ سەرۆکی حکومەت ژمارد کە هۆکاری کەمی و نەمانی نەختینەن لە سلێمانی.
لە دیبەیتی ئابوری لە سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، وەزیرەکان زۆرینەی ڕەهای دەسەڵاتەکانیان بردووەتە هەولێر، ئەوەش هۆکاری نەمانی پارەیە لە بانکەکانی سلێمانی، لە 40 کەرتدا ئێستا داهاتەکان براونەتەوە هەولێر “ئێمە بەدەستی خۆمان نەختینەمان لە سلێمانی نەهێشتووە و دواتریش لایەنە سیاسییەکانی ئێرە تۆمەتباردەکەین بە دەستکاریکردنی ڕەسیدی مالیی ئەم شارە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەی وتووە، کە نابێت هەوڵی بردنەوەی دەسەڵاتەکان بدەن بۆ هەولێر، چونکە بە بردنی ئەو دەسەڵاتانە بۆ هەولێر داهاتەکانیش دەبرێتەوە ئەوێ.
نمونەی بە دەسەڵاتی ڕەسیدی سوتەمەنی هێناوەتەوە کە بۆ هەر تۆنێک 25 دۆلار دەبرێتەوە بۆ هەولێر، بۆیە نەختینە لە سلێمانی نامێنێت، جەختیکردەوە دەبێت بە وردی لێکۆڵینەوە لەبارەی بردنەوەی ئەو 40 بوارە بۆ هەولێر بکرێت کە ئێستا بەوهۆیەوە داهاتەکانیان لە سلێمانی وەرناگیرێت.