ناوەندی دیجیتاڵ میدیای (DMC) ڕایدەگەیەنێت، دەیان سایتی ڕێکخراوی داعش سوودیان لەو خزمەتگوزارییانە وەرگرتووە کە کۆمپانیای “Cloud Flare” لە ڕێگەی ناوەندەکانی لە عێراق پێشکەشیدەکات.
موئمل ئەحمەد شوکەیر، بەرپرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ناوەندەكە ڕایگەیاند، کۆمپانیای “Cloud Flare” دوو ناوەندی سەرەکی لە بەغداد و هەولێر هەیە، کە لەڕێگەیەوە خزمەتگوزاریی ئەمنی پێشکەش بە سایتەكان دەكات لەگەڵ ئاسانکاری بۆ چوونە ژوورەوەیان “بەئاسانی و خێرایی”.
شوکەیر دووپاتیکردەوە کە “دەیان سایتی داعش کە سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای “Cloud Flare” تۆماركراون، بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی کۆمپانیاکە دابینیکردووە لەگەڵ شاردنەوەی ئای پی بنەڕەتی سایتەكان، كە بەهۆیەوە ناسینەوە یان ڕاگرتنی زانیارییەکانیان قورس بووە”.
ئاماژهی بهوهشدا، “سەنتەری داتاكانی كۆمپانیاكە ئاسانكاری بۆ گەڕان بە سایتەكانی داعش لەكاتێكی خێراتردا بۆ جەماوەری عێراق فەراهەمكردووە، بەهۆی ستراتیژییەكانی كۆمپانیای (Cloud Flare) لەسەر بنەمای هەڵگرتنی كاتیی ناوەڕۆكی سایتەكان لە ناوەندی داتاكانی لە عێراق”.
لای خۆیەوە فازڵ دوخی توێژەر لە بواری دیجیتاڵی ئاماژەی بەوەدا كە “داعش یەكێكە لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان كە سەركەوتوو بووە لە بەكارهێنانی پڕوپاگەندە لە ڕێگەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو و ڕێگەی دیجیتاڵی و، لە ڕێگەیەوە توانیویەتی هەزاران كەس لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەكاندا بۆ لای خۆی ڕابكێشێت”.
دوخی پێیوایە “کەمتەرخەمی لە قەدەغەکردنی سایتەكانی داعش لە عێراقدا هۆكارە بۆ بەهێزکردنی توانا ڕێکخراوەییەكانی و یارمەتیدەرە بۆ بەدیهێنانی پلانەکانی بۆ ڕاکێشانی چەکدارە بیانییەکان و بەدەستهێنانی بودجەی پێویست بۆ ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی”.
ئاماژهی بهوهشدا كه كۆمپانیای “Cloud Flare” له دهیهی ڕابردوودا چاوپۆشی له زۆر داواكاری كردووه بۆ قهدهغهكردنی ئەو سایتە تیرۆرستییانەی پەیوەندییان به داعشهوه ههیه و ئاماژهی بۆ ئهوهشكرد، “چاودێری ناوهڕۆكی ناو تۆڕهكهی ناكات”.
لەم بارەیەوە، ناوەندی دیجیتاڵ میدیاكە داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حکومەت کرد “چارەسەری ئەم کەلێنە ڕێکخراوەییە بکەن بە داواكردن لە کۆمپانیای “کلاود فلایر” و هاوبەشەکانی لە عێراق بۆ قەدەغەکردنی ئەو سایتانە و پێدانی زانیارییەکانیان بە لایەنە ئەمنییەکانی عێراق”.
ناوەندی دیجیتاڵ میدیای (DMC) ناوەندێکی سەربەخۆیە و تایبەتە بە چاودێریکردن و شیکردنەوەی دیاردەکانی جیهانی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمە جۆراوجۆرەکانی، هەروەها پێشبینیکردنی گۆڕانکارییەکانی ئەم جیهانە و بەدواداچوونی هەواڵەکانی.