بەلجیكا لە كامپی هۆل-ی ژێر دەستی شەڕڤانانی كورد 16 منداڵ و شەش ژنی خێزانی چەكدارە بەلجیكییەكانی داعش بۆ وڵاتەكەی دەگەڕێنێتەوە.
گەڕاندنەوەكە لەڕێی هەولێر و بە فڕۆكەی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بووە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەكی دادوەرییەوە ئاشكرایكرد، سەرجەم منداڵەكان تەمەنیان خوار 12 ساڵە و لەگەڵ شەش ژنەكەدا لە كەمپەكەوە بۆ سنوورەكانی عێراق بە ڕێگەی وشكانی گوازراونەتەوە بەر لەوەی لە هەولێر سەر فڕۆكە بەلجیكییەكە بكەون.
بەپێی تۆڕی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بەلجیكا سەرجەم ژنەكان بە تۆمەتی بەشداریكردن لە چالاكیی گروپە تیرۆرستییەكان ئیدانەكراون و بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ پاش گەیشتنیان لە شەوی ڕابردوو ڕادەستی دادگا كراون، چاوەڕوانیش دەكرێت منداڵەكان پشكنینی پزیشكییان بۆ بكرێت بەر لە ڕادەستكردنیان بە دەستەی پارێزگاریی لاوان.
لە تەمموزی 2021شدا 10 منداڵ و شەش دایك لە كامپی ڕۆژ-ەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەلجیكا گەڕێندرانەوە.
بەلجیكا هاوشانی فەرەنسا لەنێو ئەو وڵاتانەی ئەوروپان كە زۆرترین هاوڵاتییان پەیوەندییان بە ڕێكخراوە جیهادییەكانەوە كردووە پاش هەڵایسانی شەڕ و ململانێكانی سوریا لە ساڵی 2011دا، بەجۆرێك لە ساڵی 2012ەوە زیاتر لە 400 بەلجیكی چوونەتە سوریا بۆ شەڕكردن لەپاڵ ڕێكخراوە جیهادییەكاندا.