یونسێف: ئاوارەبوونی منداڵان گەیشتە ژمارەی پێوانەیی

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی یونسێف ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕ و قەیرانەكانی دیكە لە جیهاندا هەڵهاتوون گەیشتووەتە نزیكەی 36.5 ملیۆن منداڵ.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونسێف) لە ڕاپۆرتێكدا كە ڕۆژی هەینی لە نیویۆرك خستیەڕوو ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ململانێ، توندوتیژی و قەیرانەكانی دیكەی سەر ئاستی جیهان هەڵهاتوون گەیشتووەتە ژمارەیەكی بێ پێشینە لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە.

بەپێی ئەو ژمارانەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئاشكرایكرد، تا كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 36.5 ملیۆن منداڵ ناچار بە هەڵهاتن لە نیشتمانەكانیان بوون، نزیكەی 22.8 ملیۆنیان بەهۆی ململانێكان و توندوتیژی بووە.

ئەمەش زیادبوون بە بڕی 2.2 ملیۆن لە ژمارەی منداڵانی ئاوارە لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2020ەوە دەگرێتەوە.

یونسێف ڕوونیكردەوە، بەرزبوونەوەی ژمارەكە لە ئاكامی ڕاستەوخۆی ململانێكانی وەك ئەوایە كە لە ئەفغانستان و یەمەن بووە، لەگەڵ ئەوەی 7.3 ملیۆن منداڵی دیكە لە ساڵی 2021دا بێ جێگا و ماڵ بوون بەهۆی كارەساتە سروشتییەكانەوە.

یونسێف داوای لە حكومەتەكانی جیهان كرد پەرە بە پارێزگاریكردن لە ئاوارە، كۆچبەر و منداڵان بدەن.

بەهۆی ئەوەی ژمارەكان دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی ساڵی 2021، منداڵانی ئۆكرانی ناگرێتەوە، ئەوانەی ماڵەكانیان جێهێشتووە یان ناچار بەهەڵهاتن بوون بەهۆی شەڕی ڕوسیاوە، كە بووەتەهۆی ئاوارەبووانی دوو ملیۆن منداڵی دیكە لە شوباتی ڕابردووەوە، هەروەها هەڵهاتنی سێ ملیۆنی دیكە لەناو وڵاتەكەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، منداڵان و خێزانەكانیان ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بوونەتەوە بەهۆی دیاردە دژوارەكانی ئاووهەوا، وەك وشكبوونەوە لە ئەفریقا، لافاوی قورس كە لە هندستان، بەنگلادیش و باشووری ئەفریقیا ڕوویدا.

بابەتی پێشتر

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریا هەیە

بابەتی دواتر

سادیۆ مانێ پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share