وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریا هەیە

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی هۆشداری دەدات لە نزیکیی ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا لە وڵاتی سوریا، ئەمریکا مامەڵەکانی ڕوسیا بە بێزارکردن ناودەبات.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەزاری سەرچاوە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەوان هۆشدارییان داوە لە مەترسییەکانی پێکدادانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ڕوسیا لە سوریا، هەروەها هێزەکانی ڕوسیا بە مامەڵەی بێزارکەر تۆمەتبار دەکەن.

یەکێک لە سەرچاوە سەربازییەکانی ئەمریکا بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی وتووە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ناوچەی تەنەف لە سوریا، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا ڕاهێنانیان بە هێزە ناوخۆییەکانی سوریا دەکرد، ڕوسیا بۆردومانی کردووە.

بەپێی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، ڕوسیا هێزەکانی ئەمریکای لە ڕێگەی کەناڵەکانی پەیوەندیکردنەوە ئاگادارکردووەتەوە لەو هێرشە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو فڕۆکەی ڕوسیی جۆری (سو 35) و فڕۆکەیەکی ڕوسیی جۆری (سو 24) هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی دوای ئاگادارکردنەوەکە.

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا نیگەرانییان لەبارەی ئەو هێرشانەی ڕوسیا پیشانداوە و دەڵێن، هەرچەندە هێرشەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئەمریکا ناکاتە ئامانج بەڵام تەحەدییە بەرامبەر ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.

بەرپرسانی ئەمریکا ڕەتیانکردووەتەوە هیچ هێزێکی ئەمریکی لەناوچەی هێرشەکە بووبێت بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، “ئەو ئاڵۆزییانە جۆرێکە لە بێزارکردن”.

باسیان لەوەشکردووە، ڕوسیا هەستاوە بە بڵاوپێکردنی فڕۆکەی شەڕکەری سو 34 لەو ناوچانەی ئەمریکا دژی چەکدارانی داعش دەجەنگێت، بەوهۆیەوە ئەمریکا فڕۆکەی ئێف 16ی لەناوچەکە کشاندووەتەوە.

بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئاڵۆزیی دیکەش هەبوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان لەوبارەیەوە ئاشکرانەکردووە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ژەنەراڵ ئێریک کوریلا ئاشکرایکردووە، “هەوڵدەدەین دوورکەوینەوە لە هەر هەڵەیەک کە هۆکاربێت بۆ دروستبوونی ململانێ و ناکۆکیی ناپێویست، ئەوەش ئامانجمان دەبێت”، دەڵێت، “بەڵام مامەڵەکانی ئەمدواییەی ڕوسیا بێرازکەر و هۆکاری ئاڵۆزییە”.

بنکەی تەنەف-ی ئەمریکا لە سوریا نزیکەی 200 سەربازی تێدا دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا کۆی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا 900 سەربازن.

بابەتی پێشتر

وردەكاریی نوێ لەبارەی كوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

یونسێف: ئاوارەبوونی منداڵان گەیشتە ژمارەی پێوانەیی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share