هەڤاڵ ئەبوبەكر: لە سەردەمی بەرەی كوردستانییەوە دۆخی خراپی وەكو ئێستا نەبووە

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 1991ـەوە كە بەرەی كوردستانی هەبووە، دۆخی خراپی وەكو ئێستا بەمشێوەیە نەبووە، دەشڵێت، دەستبردن بۆ پارەی بانكەكان و داهاتی گشتی، خەرجنەكردنی پارەی خزمەتگوزاری و دەرمان تاوانە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی چەند پرسێكەوە قسەی كرد و لەسەر دابەشنەكردنی مووچە دەڵێت، “مووچە تەنها كاریگەری لەسەر بژێویی ژیان و ئەدای كەرتی حكومی نییە، بەڵكو لەسەر بازاڕ و كەرتی تایبەت و ئاسایشی خێزانیش هەیە”.

دەشڵێت، تكاكارم ئەو بابەتە بەشێوەیەكی ڕیشەیی چارەسەر بكات. پارێزگاری سلێمانی، ئاشكراشیدەكات، “بۆ دابەشكردنی مووچەی خانەشینان چەند پڕۆژە و ڕێوشوێنێكی باشمان داوەتە حكومەت، بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندییان لەسەر دەرنەبڕیوە”. پڕۆژە و پێشنیازەكانی ڕوونكردەوە و دەڵێت، “یەكێكیان لە ڕێگەی ئاسیاسێڵەوە مووچەكانیان بگەیەندرێتە خانەنشین، یان بخرێنەسەر فەرمانگەكەیان كە پێشتر لەوێ بوون”.

دەربارەی كێشەی بانكەكانیش هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت، “پرسی بانكەكان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە حكومەتی خۆجێی نییە و ئێمە قوربانین، ئەو داهاتەی ئێمە دەیگەڕێنینەوە بەشێك لەوە خەرجناكرێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتگوزارییەكانی پێبەردەوام بكەین”.

دەشڵێت، پەیوەندیی خراپی لایەنە سیاسییەكان نابێت كاریگەریی هەبێت لە پرسەكانی تایبەت بە بژێویی ژیانی خەڵكەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پێشیوایە، “لە ساڵی 1991ـەوە كە بەرەی كوردستانی هەبووە، دۆخی خراپی وەكو ئێستا بەمشێوەیە نەبووە و دۆخی دەستبردن بۆ داهاتی گشتی وەكو ئێستا نەبووە”.

جەختیشیكردەوە، “تاوانە دەست بۆ پارەی بانكەكان و داهاتی گشتی، خەرجنەكردنی پارەی خزمەتگوزاری و دەرمان ببرێت”. دەربارەی كێشەی بەنزینیش هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت، ” 360 هەزار لیتری ڕۆژانە بەنزینمان بۆ دێت، پێشتر بەهۆی دابەشنەكردنی مووچە دابەشكردنی ڕاگیرا، ئەو بڕەشی دێت زۆركەمە”.

لەبارەی داواكاریی شوفێرانی تەكسیش دەڵێت، “قەبارەی بەنزینەكەمان كەمە تاوەكو بەنزینخانەكان بكەینە 24 كاتژمێری، دامودەزگاكانی دەوڵەتیشمان بێبەشكردووە لە بەنزینە 690 دینارییەكە تاوەكو بەشێوەیەكی باش دابەشبكرێت”.

پارێزگاری سلێمانی ئاشكراشیكرد، لە هەوڵدان بەنزینی بازرگانی نرخەكەی كەمبكەنەوە.

بابەتی پێشتر

لیڤاندۆڤسکی لە پێڵاوی ئاڵتوونی-یەوە نزیکە

بابەتی دواتر

کەشناسی: شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێم دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تۆمەتباری سووتاندنی کۆگاکەی ناوچەی پیشەسازیی هەولێر دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، “تۆمەتباری سووتاندنی کۆگاکەی ناوچەی پیشەسازیی باکووری هەولێر دەستگیرکرا”. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژە…
Total
0
Share