عەلی حەمە ساڵح: ئێستا پارەی مووچەی مانگی سێ بە 300 ملیار دینار زیادەوە بەردەستە

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیژنەی وزەی پەرلەمانی کوردستان جەختدەکاتەوە پارەی تەواو بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار و نیسان بەرلە جەژنی ڕەمەزان بەردەستە، کە تەنها داهاتی نەوت و بەشێکی کەم لە داهاتی ناوخۆ زیاتر لە پارەی مووچە دابیندەکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عەلی حەمە ساڵح ڕایگەیاند، ئێستا داهاتی پێویست هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ، مانگی ڕابردوو کە تێکڕای نرخی نەوت 97 دۆلار بووە 488 ملیۆن دۆلار دراوە بە مووچە، واتە 37 دۆلار بۆهەر بەرمیلێک، ئەم مانگە تێکڕای نرخی نەوت گەیشتووەتە 117 دۆلار، بۆیە بەهەموو پێوەرێک تەنانەت بەپێوەری سەرۆکی حکومەت کە 41%ـە ئێستا 550 ملیۆن دۆلار پارەی نەوت هەیە.

بەپێی بەدواداچوونی سەرۆکی لیژنەی وزەی پەرلەمانی کوردستان، ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی سێ لەداهاتی ناوخۆ، تەنها 50 ملیۆن دۆلارە، کە ئەگەر هەولێر 28.5 ملیۆن دۆلار و سلێمانی 21 ملیۆن دۆلار بدات مووچە تەواو دەکرێت، بەبێ ئەو 200 ملیار دینارەی لە بەغدادەوە دێت.

عەلی حەمە ساڵح جەختیکردەوە، تەنها بە بەشێک لە داهاتی خاڵە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان لەگەڵ داهاتی نەوت بەزیادەوە مووچە دابیندەکرێت، “بەڵام نییەتەکە بەوجۆرەیە لە 3ی نیسانەوە دابەشکردنی مووچە دەستپێبکرێت و درێژبکرێتەوە تاوەکو 15ی مانگ، تەنها بۆئەوەی تا جەژن دوو مووچە دابەشنەکرێت.

سەرۆکی لیژنەی وزەی پەرلەمانی کوردستان وتی، “سەد لەسەد هەموو لایەک دڵنیادەکەین کە مووچە بە 300 ملیار دیناری زیادەوە ئامادەیە، هیچ بیانوویەک نییە بۆ دواخستن و پێویستە لە سبەینێوە دەستبکرێت بە دابەشکردنی مووچە”.

ئاماژەی بە بوونی دوو ئیدارەییەکی ڕوون کرد لە کوردستان، بەوەی داهاتی نەوت کە دەگەڕێتەوە 43 بە 57ـە، بۆ هەموو پرۆژەکان هەر ناوچەیەک بەداهاتی خۆی دەیکات، دەرمان هەر لایەک بەداهاتی خۆی، خۆڵ و خاشاک هەر ناوچەیەک بەداهاتی خۆی و تەواوکاریی مووچەش هەر ناوچەیەک بەداهاتی خۆی دەیکات.

ئەمە لەکاتێکدایە تائێستا بەشێک لە مووچەخۆران و خانەنشینان مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی پارە لە بانکەکان دەگەڕێنرێتەوە، دوێنێ یەکشممە 200 ملیار دینارەکەی عێراق ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرا و میدیاکانی نزیک لە پارتی وایان بڵاوکردەوە کە مووچەی مانگی دووی پێتەواو دەکرێت.

بابەتی پێشتر

پسپۆڕێكی یاسا: لە دەستووردا شتێك نییە بەناوی حكومەتی نائاسایی و تەنها ڕاگەیاندنی باری نائاسایی هەیە

بابەتی دواتر

سەرەڕای هاتنی 200 ملیارەكە ژمارەیەك لە خانەنشینان مووچەی مانگی دوویان ‏وەرنەگرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share