ئەمریكا و فەڕەنسا داوای ڕوونكردنەوە لە ڕوسیا دەكەن

بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئەمریكا و فەڕەنسا چاوەڕوانن ڕوسیا ڕوونكردنەوەیان بداتێ لەبارەی ڕۆڵی توركیا لە دوایین ڕێككەوتنی لەبارەی قەرەباغەوە كراوە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی كە ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم بڵاوكراوەتەوە، بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەمیانی وتووێژەكانی نێوان مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و هاوتا فەڕەنسییەكەی ئاشكرایكردووە، “بە وردی باسیان لە بارودۆخی قەرەباغ كردووە، تێڕوانینەكانیان لەوبارەیەوە خستوەتەڕوو،

هەروەها ڕێوشوێنەكانی ڕوسیا سەبارەت بە ڕێككەوتنی قەرەباغ تاووتوێكراوە”.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ڕایگەیاندووە، “هەردوولا باسیان لەوە كردووە، چەند بابەتێك هەن كە دەبێت ڕوسیا ڕوونكردنەوەیان لەبارەوە بدات لەوانە، پێوەرەكانی ڕێككەوتنەكە و ڕۆڵی توركیا لەو نێوەندەدا”.

لە 10ی ئەم مانگەدا، سەركردەكانی هەریەك لە ڕوسیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان، ڕێككەوتنێكیان لەبارەی ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ و كوشتار ڕاگەیاند لە قەرەباغ.

بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنە، ڕوسیا هێزی ئاشتی پارێز دەنێرێتە ناوچەكە، هەروەها بنكەیەك لە ئازەربایجان جێگیر دەكات بۆ ئەوەی چاودێریی ڕێككەوتنەكە بكات، كە ئەو بنكەیە لەلایەن هێزەكانی ڕوسیا و توركیاوە سەرپەرشتی دەكرێت.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. كونسوڵی گشتیی بەڕیتانیا لە چین ژیانی كچە خوێندكارێك ڕزگاردەكات

بابەتی دواتر

لەسەر پرسی شەنگال شاندێکی حکومەتی عێراق لە هەولێرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share