ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر تورکیا نەرمییان نواند

گردبوونەوەی لایەنگرانی حکومەتی تورکیا لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا

دوای كاردانەوەی توندی توركیا بەرامبەر باڵیۆزانی 10 وڵات و ناوهێنانیان بە ووشەی نەشیاو لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، بەشێك لەو وڵاتانە، كە ئەمریکا و كەنەدا و چەند وڵاتێكی دیكەی تێدایە، نەرمییان نواند.

ئەمریکا، کەنەدا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، سوید، دانیمارک و فینلەندا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشەدا پابەندیی خۆیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دووپاتکردووەتەوە و ڕەتیدەكەنەوە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتاندا بكەن.

لە بەیاننامەیەکدا ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاندووە، پابەندن بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان ڕەتدەکەنەوە.

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لەو بەیاننامەیە کردووە و بڕیارەكانی بۆ كاردانەوە بەرامبەر ئەو دیپلۆماتكارانە وەستاندووە.

گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و ئەو 10 وڵاتە، لە 19 ساڵی ڕابردووی تورکیا و سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا هێندە توند نەبووە.

ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا، وەک “ئەنادۆڵۆ” و “TRT ” بەیاننامەکەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایان وەک پەشیمانبوونەوە لە قسەکانی پێشتریان بڵاوکردووەتەوە.

دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە، ئەڵمانیا و فەرەنسا هیچ وتەیەکیان لەو بارەیەوە نەداوە و بە بڵاونەکردنەوەی بەیاننامەکەش دەردەکەوێت ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئەو نەرمینواندنەدا نین بەرامبەر تورکیا.

ناکۆکیی نێوان ئەو 10 وڵاتە و توركیا دوای بەیاننامەیەکی پێشووی ئەو وڵاتانە بوو، سەبارەت بە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادکردنی زیندانیکراوان، بەتایبەت قسەكردن لەسەر “عوسمان کاڤالا”، کە چالاکێکی مەدەنی و سەرمایەدارە و لە ساڵی 2017وە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکراوە بەتۆمەتی بەشداریكردنی لە كودەتاكەی ساڵی 2016.

بابەتی پێشتر

کەرکوک.. لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی: لەساڵی ڕابردوودا ئێران زیاتر لە 250 کەسی لەسێدارەداوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share