لەگەڵئەوەی هۆشدارییەکان لەبارەی کۆرۆناوە کۆتایینەهاتووە، بەڵام جیهان چووەتە دۆخی بوژانەوەی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەستبەرداری ڕێکارەکانی ئەو پەتایە دەبن تاوەکو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەوبارەیەوە ناچار بە لێدوانی شۆکهێنەر کرد.
مارگرێت هاریس وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ژنێڤ ڕایگەیاند، ئامارەکانی هەفتانە لەبارەی پەتاکەوە ئاماژە بۆ بەرزبوونەوەی تووشبووان دەکەن، بۆیە کۆتاییهاتنی پەتاکە بە دوور دەزانن.
وتیشی، “دوورە لە کۆتاییهاتن، بەدڵنیایی ئێمە لەناوەڕاستی پەتاکەداین”.
لە 9ی ئازاری ڕابردوودا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، زانایان گۆڕاوێکی نوێیان دەستنیشانکردووە، بەشێوەیەکی ناڕەسمی ناونراوە “دەلتاکرۆن”.
حاڵەتەکانی دەلتاکرۆن لەهەریەکە لە ئەوروپا، ئەمریکا و ئەمریکای باشوور تۆمارکراون.
تائێستا لەجیهاندا 466 ملیۆن و 733 هەزار و 118 کەس تووشی کۆرۆنا بوون هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان بەوهۆیەوە گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 89 هەزار و 484 کەس.
هەروەها ڤایرۆسەکە لە یەکەم حاڵەتی دەستنیشانکردنییەوە لە چین تائێستا لە 210 وڵات و ناوچە تۆمارکراوە.