كۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەڵێنی چی بە ئۆكرانیا داوە؟

كۆنگرەی ئاسایشی میونشن تەواوبوو، ئەو وڵاتەی زۆرترین قسەی لەبارەوە كرا، ڕوسیا بوو، لەكاتێكدا خۆی ئامادەی كۆنگرەكە نەبوو. زۆرینەی وڵاتانی بەشداری كۆنگرە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆكرانیا دووپاتكردەوە و هۆشداریشیان دا بە مۆسكۆ بەوەی بیر لە داگیركردنی ئۆكرانیا نەكاتەوە، ئەگەرنا بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.

ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، خوولی 58ـەمینی كۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا دەستیپێكرد، دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆناوە كۆنگرەكە ڕاگیرابوو، ئەمڕۆش كارەكانی تەواوبوون.

تەوەرەكانی گفتوگۆی كۆنگرەكە، كێشمەكێشی ئۆكرانیا و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و پەتای كۆرۆنا بوون، سەرباری قەیرانەكانی وزە و ئاووهەوا و ژێرخانی ئەمنیی وڵاتان و دۆخی ئاسایشی بەشێك لە كیشوەری ئەفریقا. بەڵام سەرەكیترینیان، بارودۆخی ئۆكرانیا و ئەو مشتومڕە بوون كە لەنێوان ڕوسیا و خۆرئاوادا هاتووەتەئاراوە، دووەمیان دەڵێت ڕوسیا بە نیازە ئۆكرانیا داگیربكات، ئەویش ڕەتیدەكاتەوە.

ئەوەی خوولی ئەم جارەی كۆنگرەكەی لەوانەی پێشتر جیاكردەوە، بەشدارینەكردنی ڕوسیا بوو، چونكە لە ساڵی 1991ـەوە یەكەم جارە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا كە هەمیشە نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی لە كۆنگرەكەدا دەكرد، بەشداریی كۆنگرەی میونشن نەكات.

لەكاتێكدا ناكۆكیی ڕوسیا لەگەڵ ئۆكرانیا و خۆرئاوا دیارترین بابەتی گفتوگۆكان بوون، حكومەتی ڕوسیا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەشدارینەكردنی نوێنەرەكەی لە كۆنگرەی میونشن-دا، “ڕەنگدانەوەی ئەو پەرتبوون و تێكچوونی پەیوەندییەیە كە لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوادا هاتووەتەئاراوە”.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، هۆكاری بەشدارینەكردنی وڵاتەكەی لە كۆنگرەكەدا گەڕاندەوە بۆ ئەوەی وەك خۆی وتی، “كۆنگرەكە لایەنگیریی خۆرئاوا دەكات و چیتر هاوشێوەی پێشوو كۆكەرەوەی هەمووان و بابەتییانە نییە”.

سەرباری بەشدارینەكردنی ڕوسیا، بۆریس ڕۆج جێگری سەرۆكی كۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە سەرەتای دەستپێكردنی كۆنگرەكەدا ڕایگەیاندبوو، ڕوسیا هەرچەندە ئامادەنابێت، بەڵام لە نزیكەوە چاودێریی كارەكانی كۆنگرەكە دەكات و تاوتوێیاندەكات. بەڵام هەڵوێستی توندی خۆرئاواشی لەبەرامبەر ڕوسیادا نەشاردەوە و وتی، “هاوپەیمانیی ناتۆ و یەكێتیی ئەوروپا هەڵوێستێكی یەكانگیریان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ڕوسیا ئۆكرانیا داگیربكات، ئەوا بە توندی وەڵامی دەدەنەوە لەڕێگەی سەپاندنی سزای سیاسی بەسەر ئەو وڵاتەدا”.

نزیك لە بۆچوون و قسەكانی ڕۆج، چارلس میشێل سەرۆکی كۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند، نازانن ڕوسیا دیالۆگی دەوێت یاخود نا، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکە بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا بڕوات، ئەوا دەستبەجێ وەڵامی مۆسكۆ دەدەنەوە و وتی، “ئەگەر بزانین شتێکی جددی ڕوودەدات، دەستبەجێ لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بڕیارێک دەدەین تەواو یەکگرتوو بێت”.

هاوشێوەی هەردوو كاربەدەستە ئەوروپییەكە، کریستینە لامبرێخت وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا وتی، “نابێت بهێڵین بەهۆی ئەو گرژییانەی دروستبوون ئۆکرانیا ڕووبەڕووی گرفتی ئابوری ببێتەوە”، دووپاتیشیكردەوە كە وڵاتەكەی پشتگیریی ئۆکرانیا دەكات.

وتەكەی وەزیرە ئەڵمانییەكە كە ئەمڕۆ لە كۆتا ڕۆژی كۆنگرەی میونشن-دا بوو، وەڵامدانەوەی داواكارییەكەی دوێنێی سەرۆکی ئۆکرانیا بوو كە داوایکرد خۆرئاوا ڕێگەنەدات ئەو ناسەقامگیرییەی دروستبووە، هەرەس بە ئابوریی ئۆكرانیا بهێنێت.

ساڵانە دوو هەزار سەركردە و دیپلۆماتكار بەشداریی كۆنگرەكەی میونشن-یان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، ژمارەكە كەمبووەوە بۆ 600 كەسایەتی، لەنێویاندا نزیكەی 30 سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیران و زیاتر لە 80 وەزیر هەبوون.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئینته‌ر میلان به‌ ساسولۆی دۆڕاند و لوتکه‌ی بۆ میلان چۆڵکرد

بابەتی دواتر

جۆنسن: ڕوسیا ئامادەکاریی بۆ گەورەترین جەنگی دوای ساڵی 1945 دەکات لە ئەوروپادا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share