لەماوەی تەنها 24 كاتژمێردا، کچ و کوڕێکی هاوتەمەن لە سەنگەسەر خۆیان خنكاند.
چیرۆکەکە لەوێوە دەستیپێکرد، کاتێک دوێنێ کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە ناحیەی سەنگەسەر بە پەت خۆی خنکاند، کەسوکارەکەی دەڵێن، خۆ خنکاندنەکەی پەیوەندی بە نمرەکانیەوە بووە لە خوێندنگا، دوای ئەو ڕووداوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەنجێک لە سەنگەسەر لە شوێنی کارەکەی خۆی خنکاند.
کەسوکار و هاوپیشەکانی ئەو کوڕە گەنجە، ئاماژە بەوەدەکەن، کاتێک هەواڵی خۆخنکاندنی کچەکەی بیستووە، باری دەروونیی تێکچووە و ڕۆیشتووەتەوە بۆ شوێنی کارەکەی.
هاوپیشەکانی کوڕەکە دەڵێن، “ئەو بە شەواندا نەهاتووەتە دوکان، بەڵام شەوی ڕابردوو وتویەتی من کەمێک لە دوکان دەمێنمەوە و دەگەڕێمەوە ماڵەوە، بەڵام دواتر دایک و باوکی وتویانە کوڕەکەیان نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و کاتێک چوونەتەوە بۆ دوکانەکەی، بینیویانە خۆی خنکاندووە”.
هاوپیشە و شایەتحاڵانی هەردوو ڕووداوەکە، بە تۆڕی میدیایی ئێستایان ڕاگەیاند، “کوڕە گەنجەکە کاتێک هەواڵی خۆخنکاندنی ئەو کچە 17 ساڵانەی بیستووە، لە ستۆریی فەیسبووکەکەی وێنەی کچەكەی داناوە و غەمباریی خۆی نیشانداوە”.
پۆلیسی ڕاپەڕین دڵنیایی دایە تۆڕی میدیایی ئێستا، کە هەردوو ڕووداوەکە خۆ خنکاندن بووە و لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا ڕوویداوە.